"پەیەدە، دەستگیركردنی خەڵك لەسەر ئاڵای كوردستان بە ئەرك دەزانێت"

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان- سووریا دەڵێ، ئەو دەسەڵاتەی كانتۆنەكانی رۆژئاوا كە هێشتا جورئەتی لابردنی پەیكەرەكانی (ئەسەد)ـی نەبوو، بە جورئەتێكی تەواوەوە ڕووبەڕووی هەڵگرانی ئاڵای كوردستان بوونەوە، چونكە پەیوەندییان لەگەڵ (ئەسەد)ـدا هەیە و هاوپەیمانی یەكترن و یەك بەرەن.
(نوری بریمۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەسەڵاتەی كانتۆنەكانی رۆژئاوا كە هێشتا جورئەتی لابردنی پەیكەرەكانی (ئەسەد)ـی نەبوو، بە جورئەتێكی تەواوەوە ڕووبەڕووی هەڵگرانی ئاڵای كوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم هێزانە نەوەك جورئەت ناكەن پەیكەری (ئەسەد) بڕووخێنن، بەڵكو پەیوەندییشیان هەیە و هاوپەیمانی یەكترن و یەك بەرەن. چەند لایەنێكی تریش لەو بەرەیە دژ بە ئاڵای كوردستانن، لەوانە بەغدا و ئێران و ڕووسیا و پەكەكە و پەیەدەیە و چەندانی تر، كە دژی پرۆژەی نەتەوەیی كوردین".
(بریمۆ) گوتیشى: "یەپەگە ئاڵای كوردستانیان قبووڵ نییە و كاتێك لە ماڵان دەگەرێن و ئاڵای كوردستان دەدۆزنەوە، لە دیواری دەكەنەوە و ژێرپێی دەخەن. لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی 17ـی ئەم مانگەیشدا، كۆمەڵێك خەڵك لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵا لەلایەن یەپەگەوە دەستگیر كراون و تا ئێستایش بەشێگیان ئازاد نەكراون، پەیەدەیش دەستگیركردنی خەڵك لەسەر ئاڵای كوردستان بە ئەرك دەزانن".
پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009ـدا رۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی 1946ـی، وەك رۆژی ئاڵای كوردستان ناساند و بڕیاری دا هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا مەراسیم ساز بكرێت، بۆیە لە تەواوی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەیش ئەم یادە بەرز رادەگیرێت، بەڵام لە رۆژئاوای كوردستاندا چەكدارانی یەپەگە و یەپەژە دژی وەستانەوە و سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كرد.
سەرباز واحید




