٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرسی دانەمەزراندنی كوردانی دیالە، جەلەولا و سەعدییە دەخرێتە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، لە دانەمەزراندن و مافخورانی كوردانی پارێزگای دیالە و ناوچەكانی جەلەولا و سەعدییە دەكۆڵنەوە و ئەم بابەتەیش دەخەنە ناو كارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.

(د. ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاری تەواوم لەسەر كەیسی دانەمەزراندن و خورانی مافی كوردەكانی پارێزگای دیالە و بە تایبەت جەلەولا و سەعدییە كردووە، دۆكیومێنت و بەڵگەكان و بابەتەكەم بە سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان و سەرۆكەكانیان گەیاندووە بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی یەكگرتوومان هەبێت و بتوانین ئەم بابەتە داخڵی كارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت."

(جاف) گوتیشى: "وه‌كو نوێنەرانی كورد هەرگیز بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو زوڵم و پێشێلكاریانەی بەرانبەر بە كورد دەكرێت لە بابەتی دامەزراندن و ماف و ئازادی و دەستدرێژییەكان، لە كاتێكدا خەڵك دامەزرێندراوە و كورد فەرامۆش كراوە، ئەمەیش پێشێلكارییە بەرانبەر بە مافی كورد لەو ناوچانە."

پێشتر لە بەدواداچوونی پەیامنێری KDP.infoـدا دەركەوتبوو، لە دوای چاوپێكەوتنی وەزیری پەروەردەی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە وەكالەت، بریار درا كۆمەڵیك لە دەرچووانی زانكۆ دابمەزرێندرێن لە كەرتی پەروەردە لە پارێزگای دیالە، لەم نێوەندەیشدا بەشێك بۆ شارۆچكەی جەلەولا و سەعدییە و حەوزی حەمرین دیاری كرا، بەڵام ئەوانەی دامەزرێندراون یەك كوردی تێدا نییە و كوردەكان فەرامۆش كراون و ئەوانەی دامەزرێندراون سەرجەمیان عەرەبن.

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار