٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەكاریی پرۆسەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پێداچوونەوەی كارگێڕی و دارایی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، باس لە پرۆسەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت، حكوومەت هەموو زانیارییەكانی لەبارەی چاكسازییەوە لە بەردەستدایە و تەنیا ماوە كاریان لەسەر بكات، بۆیە پرۆسەی چاكسازی لە ماوەیەكی كەمدا جێبەجێ دەكرێت كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بە گشتی و كەمدەرامەتان بە تایبەتیدا دەبێت.

مامۆستای زانكۆ و ئەندامی لیژنەی پێداچونەوەی كارگێڕی و دارایی  لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران (د. ئاراس خۆشناو)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرسی چاكسازیی كارگێڕی و دارایی لە هەرێمی كوردستان بووەتە پێویستی و دەمێكیشە حكوومەت هەوڵی بۆ دەدات، بەڵام بەهۆی هەندێك بارودۆخەوە نەكراوە و لە ڕووی زانستییشەوە پەرەپێدانی چاكسازیی كارگێڕی پرۆسەیەكی بەردەوامە، بەڵام لە واقعی دارایی هەرێمی كوردستاندا بابەتێك هاتە پێشەوە كە داهاتەكان كەم بوویەوە، بۆیە پێویستە چارەیەكی خێرا بدۆزرێتەوە بۆ ئەو پرسە و پێشتریش باس لە ناعەدالەتی و چەند بابەتێكی دیكە دەكرا كە پێویستە چارە بكرێت، بۆیە پرۆسەی چاكسازی كۆمەڵێك قۆناغ لە خۆی دەگرێت، یەكێكیان كە من تێیدا بەشدارم، پێداچوونەوەی كارگێڕی و دارایییە، بەڵام بە گشتی پرۆسەیەكی چاكسازیی گەورەیە حكوومەت دەیكات".

(خۆشناو) گوتیشی، ئەو خاڵانەی لەكۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیێندران، قۆناغی یەكەمی چاكسازییە، سەرەتایش لە كەمكردنەوەی دەرماڵە و مووچەی پلە باڵاكان دەستی پێ كرد، هەندێك بڕیاریش پێویستی بەوەیە خێرا بدرێت و پێویستی بەوە نییە یاسا هەموار بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا پەرلەمان كارا نییە، بۆیە ئەو بڕیارانە دەردەكرێت كە پێویستیان بەوە نییە یاسا هەموار بكرێتەوە، لەبەر ئەوە ئەو بڕیارانەی دراون دەمودەست جێبەجێ دەكرێن و بڕیارەكان گەییشتوونەتە وەزارەتی دارایی و لە1/1/2016جێبەجێ دەكرێن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێداچوونەوە دەشڵێت، ئەمە یەكەم جارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی ئامار و داتای دروستی هەبێت لەبارەی ژمارەی كارمەندانی كە 720 هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی هەیە و 25هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەیە لەگەڵ 229هەزار خانەنشین ئەمە جگە لەوانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و چاودێریی خێزان و دەرماڵەی قوتابی و دەرماڵەكانی دیكە كە دەبنە نزیكەی ملیۆنێك و 395هەزار مووچەخۆر، بۆیە ئەو لیژنەیەی كار دەكات، خەڵكانێكی تایبەتمەند و پسپۆڕن و تاوەكو ئێستا لەو رێژەیە ناوی 550هەزاری یەكلا كراونەتەوە لەو رێژەی كارمەندان كە هەیە و داخیلی داتابەیس دەكرێت و ئاسان دەبێت كە ئەوانەی دوو مووچە و هەر شتێك هەبێت لێی ئاشكرا دەبێت و هیچ ناوێكی دووبارە نامێنێت، چونكە دەرماڵە قۆناغی یەكەمە هیی پلە تایبەتەكان و قۆناغی دووەم ئەوە دەبێت كێ مستەحەقە دەرماڵە وەربگرێت، چونكە زۆر دەرماڵە هەیە پێویستە كەسە موستەحەقەكان وەری بگرن، بەڵام ئەوەی مستەحەق نەبێت وەری ناگرێت و دواجار ئەوانەى كە بندیوارن دەبێ ناوەكانیان لاببرێت".

(ئاراس خۆشناو) زیاتر گوتی: "پێداچوونەوە بەو پلە ئیداریانەش دەكرێت كە بە حەقی خۆیان وەریان نەگرتووە و دواتر ئەوانەی كە موستەحەقی خانەشینی نین پێداچوونەوەیان پێدا دەكرێت، بۆیە هەموو ئەمانە لەسەر حیسابی فەرمانبەری راستەقینە و موستەحەق نابێت و ئەوەشی جێگەی خۆشحاڵییە كە هەموو زانیارییەكان لە بەردەستن، بۆیە پرۆسەی چاكسازی زۆر ناخایەنێت و لە ماوەیەكی كەمدا چاكسازییەكان دەكرێن و دواجار هەموو داهاتی هەرێمی كوردستان كە هەیەتی شەفاف دەبێت و هیچ شاراوەیەكی تێدا نابێت و هەموو خەرجییە زیادەكانیش نامێنێن، بە تایبەت لەكەرتی كارەبا كە لە ساڵی 2014حكوومەتی هەرێم سێ ملیار و 250ملیۆن دۆلاری داوەتە كارەبا و تەنیا250 هەزار دۆلاری وەرگرتووەتەوە".

ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2015 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2013بودجەی بەڕێوەبردنی ئیشوكارەكانی 70%كەمی كردووە و هەوڵ دەدرێت لە ساڵی داهاتوودا ئەوەیش كە زیادەیە كەم بكرێتەوە .

(د.ئاراس خۆشناو) هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پێویستە حكوومەت چاكسازی بكات ئەگەر نا ناتوانێ ساڵی 2016مووچە بدات، بۆیە هیچ چارەیەك نییە جگە لەوەی چاكسازی بكات، چونكە ئەو داهاتەی هەیە بەشی ئەوە ناكات كە ئێستا بەو شێوەیە بەردەوام بن، بەڵام تەنیا مووچە نییە و پێویستە بازاڕ بەگەڕ بخرێتەوە بە تایبەت كەرتی تایبەت كە ئێستا خەریكە دەوەستێت، بۆیە ئەمەش بەوە دەكرێت پارەی نەختینە حكوومەت بیخاتە بازاڕەوە كە ئەمەیش لە سەرەتای ساڵی نوێدا حكوومەت دەیكات و پێویستە قەرزی كۆمپانیاكانیش بداتەوە، چونكە تەنیا مووچە چارەی دۆخەكە ناكات و پێویستە بازاڕ بەگەڕ بخرێت.

(خۆشناو) ئەوەیشی خستە ڕوو، پرۆسەی چاكسازی شەش قۆناغە و پێویستە تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێن، كە رەنگدانەوەی زۆری لەسەر داهات و خەرجی و بەگەڕخستنی بازاڕ دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو ئەگەرەكان لە بەرچاو گیراون.

راشیگەیاند، سەرجەم ئەو چاكسازیانەی حكوومەت ئەنجامیان دەدات، لە پێناو بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێم و دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان و بە گشتی لە خزمەت خەڵكی كوردستان و بەتایبەت كەمدەرامەتەكاندا دەبێت، كە ئەمە ئامانجی حكوومەتە.

لای خۆیەوە، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی (د. عەبدولحەكیم خەسرۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە دوای دابەزینی نرخی نەوت و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، پێویست بوو سیاسەتی گشتی دابنرێت كە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بگونجێت و لە حاڵەتی ئاسایی ئابووریدا پێویست بوو لەو شەڕەی ئێستادا هەندێك رێكار بگیرێنە بەر، بۆئەوەی لەگەڵ قۆناغەكەدا بگونجێت، بۆیە ئەوەی حكوومەتی هەرێم دەیكات، پێویستییەكی حەتمییە".

(خەسرۆ) گوتیشی: "پێویستە چاكسازییەكان لەدوو ڕووەوە بن، یەكەمیان چاكسازییەكان لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێن لە ڕووی سەربازی و دارایی وسیاسییەوە، دووەم ئەو چاكسازیانەی پێشتر راگەیەندراون لە ساڵی 2013 لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەمانە كاری زۆر گرینگن و پێویستە ئەنجام بدرێن، بۆیە لە ئێستادا چاكسازی دەستی پێ كردووە و پێویستە چاوەڕێ بكەین كە چۆن دەبێت".

گوتیشی: "ئەو خاڵانەی راگەیەندراون، زۆر گرینگ و سەرەتایین و ناتوانین جارێ هەڵیانسەنگێنین، بەڵام پێویستە لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بگونجێن، بۆیە پێویستە بە شێوەیەكی زانستی بكرێن و پەلەیشیان لێ نەكرێت، بێگومان ئەم خاڵانەیش هەنگاوی زۆر گرینگن و پێویستیان بە سیاسەت و چاودێریی ورد هەیە بۆ جێبەجێكردنیان، چونكە لە پڕۆسەی چاكسازیكردندا ناكرێت كارێك بكرێت زیان بە كارێكی دیكە بگەیێنێت.

 

بڵند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار