10 داعش كوژراون و ئۆتۆمبێلێكیشیان سووتێنرا

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی زێرەڤانی لە میحوەری شنگال- تەلەعفەر دەڵێ، فڕۆكە جەنگییەكان بە دوو مووشەك بنكە و بارەگاكانی داعشیان پێكا و گورزێكی گەورەیان لێ وەشاندن.
عەمید (حوسێن بلانی)، سەرپەرشتیاری هێزەكانی زێرەڤانی لە میحوەری شنگال – تەلەعفەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان سەعات 9ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو موشەكی بەهێزیان ئاڕاستەی بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعش كرد لە شوێنی بەخێوكردنی پەلەوەر لە نزیك گوندی تل جاموس و ئاگریان تێبەردان و زیانی باش بە تیرۆرستان گەییشتووە كە بەپێی زانیارییەكان 10 تیرۆریست كوژراون و ئۆتۆمبێلێكیش سووتێنراوە".
عەمید (حوسێن) دەیشڵێت، لەم شوێنەدا تیرۆریستانی داعش رۆژانە بە هاوەن و مووشەك و گوللـەی كاتیۆشا، هێزەكانی پێشمەرگەیان بۆردوومان دەكرد.
نەشوان بەرزنجی




