هەركی: بەغدا خهریكه پەكەكە دەكاتە حەشدی شەعبی.. كورد قبووڵى ناكەن

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەغدا دەیەوێت پەكەكە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكاری بهێنێت و بیكاتە حەشدی شەعبی و شەڕی كوردی پێ بكات، كە دەزانێت كورد زۆر بەهێز بووە و خەریكە لە هەموو پارچەكانی كوردستان هەنگاوی زۆر باش دەنێت، بۆیە پێویستە پەكەكە نەكەوێتە ئەو هەڵە كوشندەیەوە.
(نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر حكوومەتی عێراق پەكەكە پڕچەك بكات، هەڵەیەكی گەورە دەكات، لەبەر ئەوەی ئەمە راگەیاندنی شەڕە لە نێوان عێراق و توركیا و جگە لەوە عێراق بەخۆڕایی چەك ناداتە پەكەكە و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیەتی و هیچ سوودی پەكەكەی تێدا نییە جگە لە زیان.
(هەركی) گوتیشی، یەكێكی دیكە لە مەبەستەكانی عێراق بۆ ئەوەیە كە پەكەكە دژی كورد بەكار بهێنێت و ئەوكات دەبێتە حەشدی شەعبی و وەكو ناوچەكانی دیكە دژایەتیی كوردی پێ دەكرێت و دەبێتە ئالەتێك لە دەستی (عەبادی)ـدا، بۆیە ڕوون و ئاشكرایە كە مەبەستی ئەوان بەكارهێنانی پەكەكەیە بۆ بەرژوەندییە تایبەتەكانی خۆیان و بۆئەوەیە كە دژایەتیی هەرێمی كوردستانی پێ بكات، بەڵام پێشتریش ئەو رێگایانە تاقی كراونەتەوە و سەركەوتوو نەبوون".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دهشڵێت، لە ئێستادا خەریكە هەرێمی كوردستان لە هەموو پارچەكاندا هەنگاوی باش دەنێت، بەڵام حكوومەتی عێراق هەوڵ دەدات كە رێگری لەو هەنگاوانە بكات، ئەویش بە بەكارهێنانی پەكەكەیە لە دژی كورد كە ئەمەیش وا دەكات پەكەكە بكەوێتە هەڵەیەكی زۆر كوشندە و هیچ كاتێك لەبیر ناكرێت".
(هەركی) ئەوەیشی بە بیر پەكەكە هێنایەوە كە، ئەگەر بەغدا نیازی باش بێت، بۆچی هێزی پێشمەرگە پڕچەك ناكات و تاوەكو ئێستا یەك فیشەكی پێ نەداون، لە كاتێكدا رۆڵی سەرەكی لە عێراقدا هەیە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، بۆیە هیوادارین پەكەكە نەبێتە حەشدی شەعبیی حكوومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی ئەو كات كوردیش لێیان قبووڵ ناكەن.
بڵند ئیبراهیم




