٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەرمانخانەكانی باكوور داخراون و ژیانی هاووڵاتیان لە مەترسیدایە

سەرچاوە: KDP.info
شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی توركیا، ژیانیان له‌ خه‌لكی باكووری كوردستان تێك داوه‌.

باكووری كوردستان-KDP.info- بە هۆی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیاوە، چەندین دەرمانخانە لە باكوور داخراون و هەندێكیشیان رووخاون. تەنیا لە ناوچەی نوسەیبییەی سەر بە ماردینیش، 14 دەرمانخانە داخراون، هۆكارەكەیشی هەڵگیرسانی شەڕە و ناتوانن دەرمانخانەكان بكەنەوە. هەروەها چەندین دەرمانخانەیش لە ئامەد داخراون.

سەرۆكی سەندیكای دەرمانخانەكانی توركیا (نورەددین سایدان)، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (جومهورییەت)ـی توركیا ئاماژەی داوە كە، دەرمانخانەكانی باكوور بەرەو نەمان دەچن، ئەمەیش ژیانی نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو گوتی: "لە نوسەیبییە و ئامەد، بە هۆی شەڕەوە چەندین دەرمانخانە داخراون، جگە لەوەی هەندێك لە دەرمانخانەكان ڕووخاون. تەنیا لە نوسەیبییە 14 دەرمانخانە داخراون و لە ئامەدیش چەند دەرمانخانەیەك داخراون. ئێمە ئێستا لە لێكۆڵینەوەداین بۆ ئەوەی بە تەواوی ژمارەی ئەو دەرمانخانانە بزانین كە داخراون یان رووخاون. ئێمە زانیاریمان بۆ هاتووە كە لەو شوێنانەی شەڕی تێدایە، بە هیچ شێوەیەی خزمەتگوزاری دەرمان بوونی نییە، چونكە پزیشكەكان رایان كردووە و دەرمانخانەكانیش داخراون، ئەمەیش ژیانی نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە. دەمەوێت ئەوەیش بڵێم كە خاوەنی ئەو دەرمانخانانە لە رووی ماددییەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، چونكە ئەو دەرمانانەی هیناویانە بۆ فرۆشتن كاتیان بەسەر دەچێت، یان لەبەر شەڕ پەرتوبڵاو بوون و كەوتوونەتە سەر شەقامەكان".
(سایدان) داوای كرد كە بە زووترین كات شەڕ رابوەستێت، چونكە لە شەڕدا تەنیا مرۆڤ نابێتە قوربانی، بەڵكو بە داخرانی دەرمانخانەكان نەخۆشیش ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، كە ئەو دەرمانخانانەی ئێستا كراوەن و لە خزمەتی خەڵكدان، ئەوانیش دادەخرێن و دەرمانیان تێدا نامێنێت، چونكە خاوەنەكانیان دەترسێن دەرمانی تازە بهێنن و پاشان دەرمانەكان ببێتە قوربانیی شەڕ، كە لەمەیشدا هەر هاووڵاتی زیانی بەر دەكەوێت.

كارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار