٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: هێزە ئەمنییەكانی هەرێم رێگرییان لە گەڕانەوەی عەرەبە سوننەكان نەكردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (د. دیندار زێباری) سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هیچ شێوەیەك رێگای لە گەڕانەوەی عەرەبە سوننەكانی ناوچەكانی هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش نەگرتووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دووچاری ئاستەنگ و جیاكاری نەبوونەتەوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

لە میانەی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی سكرتارییەت و ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ نوێنەرانی فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ رێكخستن و میكانیزمی كاری لیژنەكە لە داهاتوودا ئەنجام درا، ((د. دیندار زێباری) رایگەیاند: "بەردەوام لایەنە نێودەوڵەتییەكان راپۆرت لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ و هەڵسوكەوتی دام و دەستگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكەنەوە بە تایبەتی دەربارەی ناوچەكانی تەماس و دانیشتووانی عەرەبی سوننە لەم ناوچانە، بەداخەوە زۆر جار راپۆرتەكانیان پشت بە بنەمایەكی راست و دروست نابەستن و حاڵەتەكان بە رووداو باس دەكەن و بە شێوەیەكی گشتگیر دەیخەنە روو بێ ئەوەی  بە تەواوی لە وردی زانیارییەكانیان وردببنەوە".

 (زێباری) ئاماژەی بە بەیاننامەیەكی كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ كرد سەبارەت بە پێشێلكارییەكان دژی عەرەبی سوننە لە ناوچە تازە ئازادكراوەكانی دەست داعش كە لە 4/12/2015 بڵاوكراوەتەوە و گوتی: "راپۆرتەكە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق تاوانبار دەكات بە تێكدان و بەتاڵانبردنی ماڵی سوننەكان و دەركردنیان لە شوێنی خۆیان، هەروەها دەستگیركردن لە دەرەوەی دادگا. هەروەها ئاستەنگ دروستكردن و رەگەزپەرستی بەرانبەر بە سوننەكان و تاوانباركردنیان بە هاوكاریكردنی داعش و دابیننەكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆیان وەك ئاو و خۆراك و دەرمان".

(زێباری) گوتیشی: "بێگومان ئەم جۆرە تۆمەتانە تا راددەیەكی زۆر ناحەقی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان تێدایە و ئاماژەی بەوە نەكردووە كە سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و شەڕی سەپێنراوی داعش، هەرێمی كوردستان شوێنی بۆ حەواندنەوەی نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە، ئەمەیش كاریگەرییەكی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی هەرێم و ئاوارە و پەنابەران شوێنی حەوانەوە، ئاساییش و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانیان بۆ دابین كراوە بە بێ جیاوازی، هەروەها هەموو مافە یاساییەكانیان دەستەبەر كراوە".

سەبارەت بە نەگەڕانەوەی عەرەبە سوننەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، (د. دیندار زێباری) ئاماژەی دا: "بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە كەوتوونەتە نزیك هێڵی تەماس و بەردەوام شەڕ و پێكدادان لەم ناوچانە روو دەدات، داعشیش لە كاتی داگیركردنیدا مین و تەقەمەنی زۆری لە ناوچە داناوە ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی تەنانەت هاتوچۆی پێشمەرگە و تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییش زەحمەت بێت لەم ناوچانە، لە لایەكی دیكەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بەردەوام ناوچەكە بۆردوومان دەكەن و بوونی خەڵكی سڤیل دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەمیان، هەروەها  بەشێك لە عەرەبەكانی ئەم ناوچانە پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و تەنانەت رۆڵیان هەبووە لە داگیركردنی ئەم ناوچانە و نەك عەرەبەكان، بەڵكو كوردانی دانیشتووی ناوچەكەیش ناتوانن بگەڕێنەوە".

(زێباری) ئەوەشی روون كردەوە كە، دوای ئازادكردنی بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە خێرخوازییەكانی كوردستان هاوكارییان پێكشەش بە خەڵكی ناوچەكە كردووە، بەڵام بەیاننامەیەكی كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ  ئاماژەی بەمە نەكردووە.

ئەو داعشانەی دەستگیر دەكرێن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەی دیلیان لەگەڵدا دەكات و گشت مافێكی دیلی جەنگیان هەیە.

لە درێژەی قسەكانیدا (زێباری) گوتی: "زۆر جار هێزە كوردییەكان بە تێكدانی خانووی عەرەبەكان تۆمەتبار دەكرێت، رەنگە لە كاتی شەڕدا سەرپێچی روو بدات كە ئەمانەیش حاڵەتی تاكە و گشتی نین و بە شێوەی فەرمان نەبووە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانیان ئازاد كرد داعش لە دوای خۆی ئەم گوندانەی بە وێرانی جێ هێشتووە واتە لە كاتی شكستی تیرۆریستان لە شەڕەكان دا لە دوای خۆیان شوێنەكانیان تەقاندووەتەوە و تەنها ماڵە عەرەبەكان وێران نەكراون، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیاتر ماڵە كوردەكان خاپوور كراون بە هۆی مینڕێژكردنەوە".

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا زێباری گوتی، لەگەڵ بەرپرسی رێكخراوەكان و كۆنسووڵخانەكان لە هەرێمی كوردستان داوایان كردووە كە لە كاتی نووسینەوەی راپۆرتەكانیان و پێش بڵاوكردنەوەیان پرس بە حكوومەتی هەرێم بكرێت بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمیش بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت و بوچوۆنی خوی بدات. هەروەها لە كاتی نووسینی راپۆرتەكانیان پێویستە هەرێمی كوردستان و عێراق جیا بكرێنەوە و بە جیا تێبینی و سەرنجەكانیان بخەنە روو، چونكە لە هەموو روویەكەوە جیان بە تایبەتی لە بابەتی پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار