تیرۆریستان دەیانەوێت فڕۆكەخانەی ئەتاتورك بكەنە ئامانج

ئیستانبووڵ-KDP.info- لە ئیستانبووڵ تەقینەوەیەك ڕووی دا و، بە هۆیەوە هاووڵاتییەك كوژرا و یەكێكیش بریندار بوو، لەو كاتەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورك كۆنتڕۆڵ زۆر توند بووە و، ئەگەر هەیە تەقینەوە لەو فڕۆكەخانەیەیش ئەنجام بدرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتوەتە دەست كەناڵی سی ئێن ئێنی توركی، تیرۆرستان پلانیان داناوە كە تەقینەوە لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورك ئەنجام بدەن و، ئاساییشی توركیایش بۆ پێشگرتن لەو كارە تیرۆرستییە كۆنتڕۆڵی لەناو فڕۆكەخانە زۆر توند كردوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئێستا هەر ئۆتۆمبێلێك بیەوێت بچێت بۆ بەردەم فڕۆكەخانەی (ئەتاتورك) بۆ بەڕێكردنی گەشتیاران پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكە دەكرێت كە پێشتر نەكراوە. هەروەها لە كاتی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكاندا تەورێكیان لەناو سەیارەیەكدا دۆزیوەتەوە و، شۆفێرەكەیان دەستگیر كردووە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
لە مانگی رابردوودا تەقینەوەیەك لە ئیستانبووڵ لە گەڕەكی بەیرام پاشا ڕووی دا و، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو، 2 رۆژ بەر لە ئێستا پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵێك لە گەڕەكی غازی و 2 ئافرەتی كوشت كە دەستیان هەبووە لە تەقیەوەكەی بەیرام پاشا.
لە كاتی ناشتنی تەرمی ئەو 2 ئافرەتەدا چەند كەسێكی ماسكبەسەر بە كڵاشینكۆفەوە تەرمەكەیان بە خاك سپارد، بۆیە ئاساییشی توركیا ترسی هەیە كە تیرۆریستان دەستیان بگاتە زۆر شوێنی توركیا، كە یەكێك لەو شوێنانەیش فڕۆكەخانەی (ئەتاتورك)ـە.
ئێستا پۆلیس بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێت كە بە ماسك و كڵاشینكۆفەوە تەرمی ئەو 2 ئافرەتەیان ناشت كە لە لایەن پۆلیسی توركەوە كوژرابوون.
كارزان گلی




