لوبنان نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی لە هەولێر دەكاتەوە

ههولێر-KDP.info- له دیداریدا له گهڵ سهرۆكوهزیرانی كوردستاندا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی لوبنان لە عێراق دووپاتی كردەوە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا نووسینگەی نوێنەرایەتی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە بۆئەوەی دواتر بكرێتە كونسووڵخانهی لوبنان لە هەرێمی كوردستان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (وەلید ئەلغوسەینی) هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی لوبنان لە عێراق كرد.
لە سەرەتای دیدارەكەدا ئەلغوسەینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی و پێزانینی وڵاتەكەی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە دووپات كردەوە كە لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی دەكات. هەروەك پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە جیاوازەكانی لە هەرێمی كوردستان، بە مایەی پێزانین وەسف كرد. دواتر تیشكی خستە سەر ڕەوشی ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند كە ئەوان بە ژیان و مانەوە و كاركردن لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵن و ژمارەیەكی زۆرتری كارساز و وەبەرهێنەرانی لوبنانی چاویان لەوەیە بێن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی ئەركە تازەكەی لە بەرێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و لوبنان و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیاری پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایە لە هەموو بوارەكاندا. هەروەها باسی لەوە كرد كە ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان، چالاك و هێمنن و نەبوونەتە مایەی هیچ گرفت و كێشەیەك و بە شێوەیەكی ئاسایی كارەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە بێ جیاوازی بەرگریی لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێم دەكات و جەختی لەوە كردەوە پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لە دێرزەمانەوە بە ئاشتیانە پێكەوە دەژین و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك كار بۆ پتەوتركردنی ئەو پێكەوەژیانە دەكات.
لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوولا باسیان لە كێشەی ئاوارە و پەنابەران لە لوبنان و هەرێمی كوردستان كرد و هاوكاریی زیاتری مرۆیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بە پێویست زانی. هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی لوبنان لە عێراق دووپاتی كردەوە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا نووسینگەی نوێنەرایەتی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە بۆئەوەی دواتر بكرێتە كونسووڵخانهی لوبنان لە هەرێمی كوردستان.




