٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕەنگە هێرشەكانی ڕووسیا بۆ سەر سووریاییەكان، بە تاوانی شەڕ هەژمار بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

ڕووسیا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ڕۆیتەرز"، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكی تازەیدا لەسەر ئەو هێرشانای كە ڕووسیا لە سووریا ئەنجامی داوان و خەڵكی سیڤیل تیێاندا كوژراون دەڵێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەك لە خەڵكی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەكاندا كوژراون، لەوانەیە بە تاوانی شەڕ لە قەڵەم بدرێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بە گشتی هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیا سەدان خەڵكی مەدەنی تێدا كوژراون و، بووەتە هۆی تێكڕووخانی ناوچەكانی نیشتەجێبوون، مزگەوت و ماركێت و بازاڕ و ناوەندە تەندروستییەكان. لەو شاڵاوانەدا بەڵگە هەن كە یاسا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ پێشێل كراون.
هەڵبەتە ڕووسیا لە ( 30 ئەیلوول) هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر داعش لە سووریا دەست پێ كرد بە بیانووی یارمەتیدانی حكوومەتی سووریا بۆ تێكشكاندنی داعش.
ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە نێوان (مانگی ئەیلوول بۆ تشرینی دووەم) نزیكەی (200) كەس بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیاوە لە سووریا كوژراون، ڕاپۆرتەكە زیاتر تیشكی خستووەتە سەر هێرشەكانی ناوچەكانی (حومس، ئیدلیب و حەلەب)، ئەوان ئەوان بە گوێرەی چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵك و شایەتحاڵەكانی ئەوێندەرێ ئەو ڕاپۆرتەیان خستووەتە ڕوو.
هەروەها ڕاپۆرتەكەیان ئاماژەی بەوە داوە كە، ئەو شوێنانەی ڕووسیا بۆردوومانی كردوون، وا دەردەكەوێت كە راستەوخۆ شاڵاوەكانیان بۆ سەر خەڵكەكەی ئەو شوێنانە ئەنجام دابن، چونكە ئەو ناوچانە شوێنی ژیانن.
(فیلیپ لوسەر) بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا لەو بارەیەوە گوتی، ئەنجامدانی هێرشی ئاوا لەوانەیە ببێتە تاوانی شەڕ.
شیاوی گوتنە، چەند جارێك لەلایەن هاوپەیمانەتیی ئەمەریكا و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە ئەوە گوتراوە كە، خەڵكی مەدەنی بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیاوە كوژراون، بەڵام بەردەوام ڕووسیا ئەوە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت، ئەوان هێرشەكانیان تەنیا بۆ سەر چەكدارەكانی داعشن.

و/ خالید گەیلانی

هەواڵی پەیوەندیدار