"بەغدا، پەكەكە بۆ دژایەتیكردنی هەرێم بەكار دەهێنێت"

بەغدا-KDP.info- شارەزایەكی بواری سەربازی دەڵێت، بەغدا دەیەوێت پەكەكە پڕچەك بكات، بۆ ئەوەی دژایەتیی هەرێمی كوردستانی پێ بكات، كە پەكەكەیش پێشتر و ئێستایش دژی هەرێمی كوردستان بووە.
چاودێری سیاسی و شارەزای بواری سەربازی (عادل بەرواری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەغدا دەزانێت هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، هەنگاوی زۆر باشی ناوە و هەولێر بووەتە پایتەختی نیمچە جیهانی و بە دەیان كۆنسووڵخانەی لێیە، بۆیە ئەمەی پێ ناخۆشە و دەزانێت ئیدی گوێ لە فەرمانەكانی ئەوان ناگرێت و ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە كە بەپێی سیاسەتی ئەوان كار بكات، ئەمەیش هەمووی بۆ سیاسەتی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە، بۆیە دەیەوێت پشتگیری لە پەكەكە بكات و بەهێزیان بكات لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان پێ بكات".
(بەرواری) دەشڵێت، پەكەكە ئێستا و پێشتریش هەر دژی هەرێمی كوردستان بووە و چەندین شەڕیان لەگەڵ هەرێم كردووە و زۆر كەسیشیان شەهید كردوون، بۆیە هەموو كات هەوڵیان داوە هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، سێ بەشی خەڵكی باكووری كوردستان پشتگیری لە سیاسەتەكانی (سەرۆك بارزانی) دەكەن.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، شاندێكی پارتیی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" سەردانی بەغدای كردووە و دەنگۆی ئەوە هەیە كە بەغدا پەكەكە پڕچەك دەكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە دژایەتیی هەرێمی كوردستانی پێ بكات.
بڵند ئیبراهیم




