داوای یاسایی لەسەر 4 سەركردەی باڵای هەدەپە تۆمار دەكرێت

باكووری كوردستان-KDP.info- داوای یاسایی لەسەر 4 سەركردەی باڵای هەدەپە تۆمار كرا، كە لەناویاندا هاوسەرۆكی هەدەپە (سەڵاحەددین دەمیرتاش)ـی تێدایە و تۆمەتبار كراون بەوەی خەڵك هان دەدەن بۆ خۆپیشاندان و، هەروەها بە شێوەیەكی نهێنییش پاڵپشتی لە هەڵكەندنی خەندەق لە باكوور دەكەن.
داواكاری گشتیی كۆمار لە ئامەد داوای یاسای لەسەر (سەڵاحەددین دەمیرتاش، خەتیب دیجلە، سەلما ئیرمەك، ئەرتوغرول كوروكچو) تۆمار كرد و، تۆمەتباری كردوون بەوەی خەڵك هان دەدەن بۆ خۆپیشاندان و پاڵپشتییش لە خەندەقەكانی باكوور دەكەن.
داواكاری گشتی، پشتی بەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی ئەو 4 سەركردەیەی هەدەپە بەستووە كە رۆژی هەینی لە ئامەد ئەنجامیان دا و، لەوێ داوایان لە خەڵك كرد خۆپیشاندان بكەن بۆ ئەوەی یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەو ناوچانە هەڵبگیرێت كە هاتوچۆی تێدا قەدەغەیە.
جگە لەوەیش تۆمەتبار كراون بەوەی بە نهێنی پاڵپشتی لە هەڵكردنی خەندەق دەكەن لە باكوور، ئەمەیش تێكدانی ئاساییشی ناوخۆی توركیایە، بۆیە داوای یاساییان تۆمار كردووە و، بڕیاریشە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەست پێ بكات و، پاشان بڕیار بدرێت كە داوایەكەی داواكاری گشتی لە جێی خۆیەتی یان رەت دەكرێتەوە.
ئەمە جاری یەكەم نییە داواكاری گشتیی ئامەد داوای یاسایی لەسەر (دەمیرتاش) تۆمار دەكات، بەڵام لە هەموویدا لە لایەن دادوەرەوە رەت كراوەتەوە.
كارزان گلی




