سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا: هاوكارییه سەربازی و مرۆییهكانی ئیتالیا بۆ ههرێم بهردهوام دهبن

ههولێر-KDP.info- له مهراسیمی كردنهوهی كۆنسووڵخانهی وڵاتهكهی له ههولێر، سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا، ئامادەیی وڵاتەكەی لە بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی بە تایبەتی لە بواری سەربازی و مرۆییدا. (نێچیرڤان بارزانی)یش، سوپاسی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئیتاڵیای كرد كە لە سەرەتای ئەو شەڕەوە پێشكەش بە پێشمەرگە و ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 22/12/2015 لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (پیترۆ گراسۆ) سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد، كە بە مەبەستی كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا لە شاری هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
دوای ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن و پشودانێكی كورت، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا بەرەو شوێنی ڕێوڕەسمی كردنەوەی كۆنسووڵخانە بەڕێكەوتن و لەوێیش كۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا بە شێوەیەكی فەرمی كرایەوە، كە هەریەكە لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا (پیترۆ گراسۆ) وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی لە چەند تەوەرێك كرد لەوانە گرینگیی كردنەوەی كۆنسووڵخانەكەیان لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان و، ئەو سەركەوتنانەی كە هێزی پێشمەرگە بەردەوام بەرانبەر تیرۆریستان بە دەستی دەهێنێت و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئامادەیی وڵاتەكەیشی لە بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی بە تایبەتی لە بواری سەربازی و مرۆییدا.
دواتر سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان و بڕیاری ئیتاڵیا بە بەرزكردنەوەی نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بۆ كۆنسووڵخانە دەربڕی و، بە هەنگاوێكی دڵخۆشكەر بۆ پێشكەوتنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو ڕوویەكەوە و، پشتگیرییەكی پتەوی ئیتاڵیا بۆ گەلی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی گەلی كوردستان وەسف كرد.
(نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی دا، كە هەر لە سەرەتای هێرش و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعشەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا یەكەم سەرۆكوەزیران بوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و تیایدا جەختی لەوە كردەوە، كە لە شەڕی دژی تیرۆر پشتگیریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە دەكەن و هەرێمی كوردستانیش ئەو پشتگیری و پەیامە بەرز دەنرخێنێت، چونكە لەو كاتەدا هەرێمی كوردستان پێویستییەكی زۆری بەو پشتگیرییە هەبوو. هەروەها سوپاسی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئیتاڵیای كرد كە لە سەرەتای ئەو شەڕەوە پێشكەش بە پێشمەرگە و ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە.
سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سوپاسی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی ئیتاڵیای كرد كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزی پێشمەرگە دەكەن و، جەژنی كرسمسی لە خۆیان و خانەوادەكانیان پیرۆز كرد. لە پەیامێكیشدا بۆ خانەوادەی ئەو ئەفسەر و سەربازانە، ئاماژەی دا، ئەو ئەفسەرانە پشتیوانیی گەلێك دەكەن كە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهان هەیە و شانازیش بەوەوە دەكات لە جیاتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو شەڕە دەكات و، پێشمەرگەش بەوپەڕی چاونەترسی و قارەمانێتییەوە بەرگری لە مرۆڤایەتی دەكات. هەروەها ئاشكرای كرد كە پەیامی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە گەلی كوردستان و عێراق لە هەموو ڕوویەكەوە پێویستی بە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆئەوەی هەمووان بتوانن لەو شەڕەدا سەركەوتن بەدەست بهێنن.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە بەخێرهاتنی بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری كرد. هەروەها سوپاسی كۆنسووڵی پێشووی ئیتاڵیای لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو كار و ئەركانەی كە تا ئێستا ئەنجامی داون كە ڕۆڵێكی گەورەی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا هەبووە و، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كاری نوێیدا. هەروەك بەخێرهاتنی كۆنسووڵی نوێی ئیتاڵیای كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست، كە لە ئەفغانستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان گواستراوەتەوە.
دواتر لە دیدارێكدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەكاندا كرد و، جەخت لەسەر پشتگیریی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا كرایەوە.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سوپاس و پێزانیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و هاوكارییەكانی ئیتاڵیا پیشان دا و دووپاتی كردەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانێتە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیتاڵیا.
ڕاشیگەیاند كە هەموو دەرگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ كار و وەبەرهێنەرانی ئیتاڵیا كراوەیە و، لەمبارەیەوە هەموو ئاسانكارییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیتاڵیا دووپات كردەوە.








