٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داوودئۆغلو لەسەر چوونی دەمیرتاش بۆ مۆسکۆ هاتە وەڵام

سەرچاوە: KDP.info
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا.ئه‌رشیڤ.

ئانكارا-KDP.info-  سەرۆوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) ئەمڕۆ لە وتارێکدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی، لەسەر گەشتکردنی هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ وڵاتی ڕووسیا هاتە دەنگ و، ڕەخنەی لێ گرت.

(داودئۆوغلو) لە وتارەکەیدا گوتی: "(دەمیرتاش) بەیانی دەچێت بۆ مۆسکۆ، با بڕوات؛ ئێمە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتین و هەموو سەرۆک پارتێک دەتوانێت گەشت بکات، بەڵام پرسیارێکم هەیە بۆچی پێشتر نەدەچوو بۆ مۆسکۆ و، بۆچی ئێستا دەڕوات کە دەزانێت ئێمە نێوانمان لەگەڵ مۆسکۆدا ناخۆشە. تورکیا لەگەڵ کێدا ناکۆک بێت ئەوان دەبن بە هاوڕیی ئەو وڵاتە، هەدەپە نایەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت و ئەوان دەیانەوێت یەکێتیی تورکیا تێک بدەن".

(دەمیرتاش) لە بارەی گەشتکردنەوەی بۆ مۆسکۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی کرد و، گوتی ئێمە بەر لەوەی ناکۆکی بکەوێتە نێوان تورکیا و مۆسکۆ ئەو گەشتەمان لە پلاندا دانابوو، بەڵام ئێستا کارەکە ڕێکی هات. ئەو ئاماژەی دا کە ئەگەر پێویست بکات دەتوانێت لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر سەردانەکەی زانیاری بە پەرلەمانتاران بدات.

لە وتارەکەیدا (داوودئۆغلو) باسی لە شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کرد و، ئاماژەی دا کە ئەوان وەکو تورکیا دەبنە خاوەنی هەموو ئەو خەڵکانەی ئاوارە بوونە و، هەروەها هەر هاووڵاتییەک لەبەر شەڕ زیانی بەرکەوتبێت ئەوان قەرەبووی دەکەنەوە.

هەروەها هەموو ئەو خاوەنکارانەی لەبەر شەڕ نەیانتوانیوە کار بکەن و زیانیان بەرکەوتوە، حکوومەت باجیان لێ وەرناگرێت تا ئەوکاتەی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان.

کارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار