كوردانی باكوور له‌ناو خاكی خۆیاندا ئاواره بوونه

ئامەد-KDP.info- به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه بڵاو كراونه‌ته‌وه، له‌وه‌ته‌ی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه و حكوومه‌تی توركیا ده‌ستی پێكردووه، 300 هه‌زار كه‌س له سلۆپی و جزیره و ناوچه‌ی سوور و شرنا‌خ و هه‌كاری ئاواره بوونه. ئه‌وان له ژیانێكی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین و ئێستا له نه‌خۆشخانه و قوتابخانه‌كاندا جێگیر بوونه.
ئه‌و رێژه‌یه‌ی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووه و، له وڵاتی خۆیاندا ئاواره بوونه، هه‌ندێكیان چوونه‌ته ماڵه خزمانی خۆیان و ئه‌وانی دیكه‌یش له نه‌خۆشخانه و مزگه‌وت و قوتابخانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و، هه‌ندێكیش به‌ره‌و ئیستا‌نبووڵ كۆچیان كردووه.
حكوومه‌تی توركیا هه‌ستی به‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه كردووه و ده‌یه‌وێت رێگه چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م لایه‌نه بدۆزێته‌وه، چونكه حكوومه‌ت ئه‌وان به رۆڵه‌ی خۆی ده‌زانێت، ئه‌مه‌یش به گوته‌ی (نو‌عمان كورتولموش).
هەر به گوێره‌ی قسەکانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی توركیا (نو‌عمان كورتولموش) بێت، حكوومه‌ت به نیازی پلانێكه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه له خۆی بگرێت و نه‌یه‌ڵێت له نه‌هامه‌تیدا بژیێن. هه‌روه‌ها هه‌موو زیانه‌كانیشیان ده‌داته‌وه كه به هۆكاری شه‌ڕ دووچاریان بووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی هه‌ردوو لا، ده‌سته‌ڵاتدارانی په‌كه‌كه و حكوومه‌تی توركیا ده‌یده‌ن، پێناچێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. حكوومه‌تی توركیا دووپاتی ده‌كاته‌وه كه هه‌ر ده‌بێت ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ی په‌كه‌كه هه‌ڵیكه‌ندوون پڕیان بکەنەوە و هه‌موو چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یش له ناوچه‌كه دوور بخه‌نه‌وه. بۆ ئه‌مه‌شیان 10 هه‌زار سه‌ربازیان ناردووه بۆ باكوور و، به نیازن 5 هه‌زاری دیكه‌یش زیاد بكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندین تانك و ده‌بابه‌یشیان له‌و شه‌ڕه‌دا به كار هێناوه. په‌كه‌كه‌یش ده‌ڵێت شه‌ڕ ده‌كه‌ین له پێناو مانه‌وه‌ی خه‌نده‌قه‌كاندا.
جگه له‌وه‌ی 300 هه‌زار كه‌س ئاواره بوونه، به هه‌زارانیش له‌ناو ماڵی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام حاڵیان په‌رێشانه. زۆرجار له لایه‌ن قایمقامه‌وه بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ هه‌ڵده‌گیرێت تا خه‌ڵك بتوانێت پێداویستی بۆ خۆیان بكڕن، به‌ڵام هه‌موو دوكانه‌كان داخراون و نازانن چۆن سكی خۆیان تێر بكه‌ن و چۆن بتوانن پێداویستیی ڕۆژانەیان ده‌ست بكه‌وێت.
حكوومه‌تی توركیا بڕیاری داوه كه له رێگه‌ی قایمقامیه‌ته‌كانه‌وه، پێداویستیی خواردن و ته‌ندروستی بۆ ئه‌و ناوچانه بنێرێت كه یاسای هاتوچۆی تێدا قه‌ده‌غه كراوه، تا خه‌ڵكه‌كه بتوانن به‌رده‌وامی به ژیانی خۆیان بده‌ن.
ئه‌م شه‌ڕه زیانێكی زۆری له كه‌رتی په‌روه‌رده داوه، بۆ نموونه 80 هه‌زار قوتابی له ترسی شه‌ڕ قوتابخانه‌یان جێ هێشتووه و قوتابخانه‌كان داخراون. حكوومه‌تی توركیا ده‌ڵێت له داهاتوودا ئه‌و كاته بۆ قوتابیان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام پێناچێت به ئاسانی ئه‌و كاره بكرێت و ره‌نگه ئه‌مساڵیان به‌فیڕۆ بڕوات. چونكه شه‌ڕ به‌رده‌وامه و قوتابخانه‌كانیش پڕ بووه له ئاواره.
له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی شه‌ڕی قورسی لێیه، هاووڵاتی بێ‌تاوان ده‌بێته قوربانی، بۆ نموونه چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا ئافره‌تێكی دووگیان گوولـله‌ی به‌ركه‌وت و منداڵه‌كه‌ی ناو سكی گیانی له ده‌ست دا و، بۆ خۆیشی به نه‌شته‌رگه‌ری چاره‌سه‌ری بۆ كرا. ده‌وڵه‌تی تورك په‌كه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی به ئه‌نقه‌ست گولـله‌یان له‌و ئافره‌ته داوه و، په‌كه‌كه‌یش سه‌ربازی تورك تۆمه‌تبار ده‌كات، بۆیه هه‌ر هاووڵاتییه‌كی سڤیل كه ده‌كوژرێت، هیچ لایه‌نێك خۆی لێ ناكه‌ته خاوه‌ن و ته‌نیا یه‌كتری پێ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتووه‌ته ده‌ست میدیای توركیا، له ناوچه‌ی سووری سه‌ر به ئامه‌د هاووڵاتی كوژراوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ هه‌یه، بۆیه جه‌نازه‌كه‌یان له‌ناو حه‌ساری ماڵه‌وه داناوه و، بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ماوه‌ته‌وه و نه‌یانناشتووه.
حكوومه‌تی توركیا ده‌ڵێت تا خه‌نده‌قه‌كان دانه‌خه‌ین چاوه‌ڕوان مه‌به‌ن ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی رابگرین. له به‌رانبه‌ردا (موراد قه‌ره‌یلان) ده‌ڵێت خه‌نده‌ق به‌هانه‌یه، ده‌بێت هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق به ئاسایی وه‌ربگرن، چونكه پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش له مه‌دینه بۆ پاراستنی ئیسلام له ده‌ستی قوڕه‌یشه‌كان خه‌نده‌قی لێداوه، ئێمه‌یش بۆ پاراستنی خۆمان خه‌نده‌قمان هه‌ڵكه‌ندووه و دایناخه‌ین.
خه‌ڵكی باكوور بێزارییه‌كی زۆریان پێوه دیاره و، داوا ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و چی دیكه ژیانی خه‌ڵك تێك نه‌ده‌ن و له‌ناو خاكی خۆیاندا ئاواره‌یان نه‌كه‌ن.
راپۆرتی / كارزان گلی




