٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاكسازیی دارایی حكوومەت، پێویستی بە پشتیوانیی هەموو لایەكە

سەرچاوە: KDP.info
(د. فرسەت سۆفی) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی زەرد

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، پرۆسەی چاكسازیی دارایی، پێویستە بكرێتە پرۆسەیەكی نیشتیمانی و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان خۆیان بە خاوەنی ئەم چاكسازییە بزانن و دەستكەوتی هیچ كەس و لایەن و حیزب و گرووپێك نەبێت.

(د. فرسەت سۆفی) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی زەرد، بە‌ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی چاكسازیی دارایی حكوومەت، پێویستە بكرێتە پرۆسەیەكی نیشتیمانی و، ئەوەی راگەیێندرا پێویستە هەنگاوی یەكەم بێت، چونكە نابێتە چاكسازیی سەرتاسەری و دەبێت هەنگاوی تری گەورەی بەدوادا بێت و دەست ببرێت بۆ هەموو ئەو فایل و مەلەفە گرینگانەی كە پێویستییان بە چاكسازی هەیە، ئەمەیش دەبێت لە دەرەوەی ململانێی حیزبی بكرێت و هەوڵ بدرێت متمانە لەگەڵ خەڵك دروست بكرێت، تا خەڵكیش پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە بكات، ئەمەیش بەوە دەكرێت بڕیارەكان بە جیددی بدرێن ئیرادەی ڕاستەقینەیان لە پشتەوە بێت". 

(سۆفی) گوتیشی: "پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان خۆیان بە خاوەنی ئەم چاكسازییە بزانن و دەستكەوتی هیچ كەس و لایەن و حیزب و گرووپێك نەبێت، چونكە وەكو زەروورەتێكە كە ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێكی زۆر سەختداین و ئەگەر چاكسازی نەكەین، ناتوانین لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین".
ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر ڕوونی كردەوە: "رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و مێدیا و خەڵكی ئاكادیمی و مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕانی بواری ئابووری و كەسانی شارەزا، هەموو ئەمانە دەبێت زۆر زۆر جیددی بن و رۆڵی كاریگەر بگێڕن و بەرپرسیارەتییشیان دەكەوێتە ئەستۆ كە هەموومان بەیەكەوە هەوڵ بدەین ئەم قۆناغە تێپەڕێنین".
جێی ئاماژەیە، دوێنێ دووشەممە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و، بە 11 خاڵ دەستی بە هەنگاوی چاكسازی كرد كە گشتی پێوەست بوو بە بواری داراییەوە.

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار