وەزیری نەوتی عێراق: هێشتا لە دۆخی چەقبەستووییداین.. چاوەڕێی دانوستانی جیددین لەگەڵ براکانمان لە کوردستان

قاهیرە-KDP.info- وەزیری نەوتی عێراق(عادل عەبدولمەهدی) دەڵێ، هێشتا دەربارەی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ هەریمی کوردستاندا ڕێک نەکەوتووین و "چاوەڕێی برا کوردەکانمانین تا دانوستانی جیددی لەوبارەیەوە دەست پێ بکەینەوە."
(عادل عەبدولمەهدی) کە ئێستا بۆ کۆبوونەوەی وڵاتانی عارەب کە بەرهەمهێنەری نەوتن، لە قاهیرەی پایتەختی میسڕە، ئاماژە بە پابەندیی ڕێکخراوی وڵاتانی ئۆپێک بە ئەو بڕیارەی کە لە چواری دیسەمبەر داویانە، گوتی، "ئێمە لە دونیایێكی حەقیقیدا دەژیێن، ئۆپێکیش تەنیا بەرهەمهێنەری نەوت و یاریکەرێک نییە. بۆیە لێمان دەخوازێ کە بزانین بڕیاری ئەوانی دی –ڕووسیا و ئەمەریکا چییە."
بڕیارەکەی چواری دێسەمبەر بریتییە لە: پابەندیی بە سیاسەتی دیارینەکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، سەرباری دابەزینی نزرخ لەسەر ئاستی جیهاندا.
(مەهدی) بۆ ڕۆیتەرز جەختی کردووەتەوە، "ئۆپێک ناتوانێ بە تەنیا لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە بڕیار بدات، لە کاتێکدا ئەوانی دی بەرهەمهێنانیان بەرز دەکەنەوە. یان دەبێ هەموومان لەپێناو نرخەکەیدا ئاستی بەرهەم دابەزێنین، یاخوود دەبێ چاوەرێ بکەین و ببینین چ ڕوو دەدات."
جەختیشی کردەوە، "هەڵبەتە ناتوانین ئەزموونی ڕابردوومان دووبارە بکەیەنەوە، چونکە هەم بەرهەمهێنان و هەمیش نرخ دەدوڕێنین."
هێشتا کە دیار نییە نرخ بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە کوێ دەگات، لە کاتێکدا هەینیی ڕابردوو نرخەکەی ٣٧ دۆلار بووە.
وەزیری نەوتی عێراق دەربارەی هەڵوێستی حکوومەتی بەغدایش بەرانەبر بە هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوتی هەریمی کوردستانەوە گوتی، بەغدا هێشتا دژ بە فرۆشتنی ڕآستەوخۆی نەوتی هەرێمە و، دەیەوێ لە ڕێی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە(سۆمۆ)وە بێت.
گوتیشی: "هێشتا لە دۆخی چەقبەستووییداین.. چاوەڕیی دانوستانی جیددین لەگەڵ براکانمان لە کوردستان."
گوتیشی، "گەر بێت و نەوتەکەمان ڕادەست بکەن، ڕێژەی ١٧%ـیان دەدەینێ." ئەمە ئاماژە بە پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتیی عێراقدا.
پاش ناکۆکیی درێژخایەن لەگەڵ بەغدادا، هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٤ـدا هەناردە و فرۆشتنی نەوتەکەی ەب شێوەی ڕاستەوخۆ ڕاگەیاند. کە لە ئێستادا، ڕۆژی زیاتر لە ٥٠٠هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.




