لە بەغدا هەڕەشە لە كادیرانی پارتی دەكرێت

بەغدا-KDP.info- سەرچاوەیەک دەڵێت: لەبەر ئەوەی هەڵوێست و گوتاری پارتیی دیموكراتی كوردستان نەتەوەییە و بەردەوام هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی كورد دەدات، هەڕەشە لە كادیرانیان دەكرێت، بەڵام ئەمە لەو ستراتیژەیان ساردی نەکردوونەتەوە.
(ئیسماعیل سایەمیر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا لە شاری بەغدا هیچ هاووڵاتییەكی كورد نەڕفێندراوە، بەڵام بە بەردەوامی هەڕەشە لە كادیرانمان دەكرێت بە تایبەت لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، دوێنێیش هەڕەشە لە بەرپرسی ناوچە و ئەندامێكی لقمان كراوە، بەڵام ئێمە لە كاری خۆمان بەردەوامین و، ئەمە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كارەكانمان نەبووە".
(سایەمیر) گوتیشی: "ئەوانەی هەڕەشە دەكەن تاوەكو ئێستا نازانین كێن، بۆ ئەوەی بتوانین رێكاری یاساییان لە بەرانبەردا بگرینە بەر، پێشتریش سەردانی نوێنەرایەتیی رەوتی سەدرمان لە بەغدا كردووە و ئەوانیش دژی ئەو هەڕەشانە بوون، بەڵام تەنیا ئەو نییە و زۆر گرووپی دیكە لە بەغدا هەن".
ڕوونیشی كردەوە: "هەڵوێست و گوتاری نەتەوەیی لایەنەكان لە بەغدا زۆر لاوازە و تاكە حیزب كە گوتارەكەی نەتەوەییە، پارتیی دیموكراتی كوردستانە، نموونەیش بۆ قسەكەم ئەوەیە، زیاتر هەڕەشە لە كادیرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەكرێ، چونكە بە بەردەوامی باسی پرسی نەتەوەیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكەین، بە هۆی ئەو هەڕەشانەیشەوە لەو هەڵوێستە نەتەوایەتیانە پاشگەز نابینەوە و بەردەوام دەبین، لەبەر ئەوەی ئەمە رێبازی (بارزانی)ـیە".
بڵند ئیبراهیم




