"ناسنامەی عێراقی نییە و مووچە لە بەغدا وەردەگرێت، کەچی مووچەی پێشمەرگە نادەن"

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، خەڵك لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبیدا هەیە كە ناسنامەی عێراقی نییە و مووچە لە حكوومەتی عێراق وەردەگرێت، پێشمەرگەیش كە رۆڵی سەرەكیی لە شەڕی داعشدا هەیە، مووچەی پێ نادرێت.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زۆر هەوڵمان دا كە بەشەبوودجەیەك بۆ پێشمەرگە لەناو پڕۆژەیاسای بوودجەدا دیاری بكرێت، بەڵام رازی نەبوون و دیارە پێشمەرگە بە بەشێك لە وەزارەتی بەرگریی عێراق نازانن، بەڵام وەزارەتی دارایی دەتوانێ وەزارەتی بەرگری پابەند بكات بەشەبوودجەی پێشمەرگە رەوانە بكەن بەپێی ماددەی دوو بڕگەی پێنج لە یاسا، كە باس لەوە دەكات پێشمەرگە بەشێكە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "پێشنیازمان كرد ١٧%ـی بەشەبوودجەی وەزارەتی بەرگری بدرێتە پێشمەرگە، بەوەش رازی نەبوون، هەروەها داوامان كرد دوو ترلیۆن دینار بدرێت، دیسان رازی نەبوون و دواجار داوامان كرد بكرێتە ترلیۆنێك و٢٠٠ملیار دینار، ئەوەیشیان رەت كردەوە، بۆیە ئێمەیش زیاتر جەختمان لەسەر ١٧%ـی بەشەبوودجەی هەرێم كردەوە".
ڕوونیشی كردەوە، لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبیدا خەڵك هەیە ناسنامەی عێراقی نییە و مووچە لە حكوومەتی عێراق وەردەگرێت، بەڵام بۆ پێشمەرگە بە ڕەوای نابینن مووچەی پێ بدەن، لە كاتێكدا رۆڵی سەرەكیی لە شەری دژی داعشدا هەیە.
بڵند ئیبراهیم




