داعش ١١ كەسی لەسەر بینایەكی بەرزەوە فڕێدایە خوارەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێت، تیرۆریستانی داعش ١٢چەكداری خۆیان گولـلەباران كرد و، ١١ هاووڵاتیشیان لەسەر بینایەكی بەرزەوە فڕێدایە خوارەوە كە یەكێكیان كەمئەقڵ بوو.
(عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەناو سەنتەری شاری مووسڵ لە بازاڕی بابل تۆپ، ١٢چەكداری خۆیان گولـلەباران كرد، كە لە بەرەی شەڕی خازر لە ترسی هێزی پێشمەرگە ڕایان كردبوو".
(رەجەب) گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش ١١هاووڵاتیشییان لە بازاڕی بابل تۆپ لەسەر بینایەكی بەرز فڕێدایە خوارەوە بە تۆمەتی جیاجیا و لەنێو ئەوانە یەكێكیان كەمئەقڵ بوو.
ڕوونیشی كردەوە كە، فڕۆكە جەنگییەكان بڵاوكراوەیان بۆ خەڵكی مووسڵ فڕێداوە لە نزیك ناوچەی تەحریر، بەڵام تیرۆریستان هەموویان كۆ كردووەتەوە و رێگەیان نەداوە خەڵك بیخوێنێتەوە، هەندێك كەسیش كە ئەو بڵاوكراوانەیان خوێندووەتەوە، دەستگیر كراون.
بە گوتەی ئەو، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكان بە چڕی مۆڵەگانی داعشیان كردە ئامانج و، لە ناوچەی سناعیە لە كەرامە لەلای چەپی مووسڵ، شوێنی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان تەقاندەوە.
بڵند ئیبراهیم




