"لیستی دەوڵەتی قانوون، ١٠٠ سکاڵایش بکا، سەر ناگرێت"

بهغدا -KDP.info- دوای ئەوەی لیستی دەوڵەتی قانوون لە کەمکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە ١٧%وە بۆ ١٣% لە پڕۆژەیاسای بوودجە شکەستیان ھێنا، ئێستا بەنیازن لە دادگای فیدراڵدا سکاڵا تۆمار بکەن و تانە لەو پڕۆژەیاسایە بدەن؛ ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێ، لیستی دەوڵەتی قانوون ١٠٠ سکاڵایش تۆمار بکەن ههر سەرکەوتوو نابن.
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیستی دەوڵەتی قانوون زۆر ھەوڵی دا کە پشکی ھەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە، بەڵام تەنها ١٨ کەسیان لەگەڵدا بوو و، شکەستیان ھێنا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی قانوون زۆر بێهێز بووە و توانای ئەوەی نییە ھیچ کارێک بکات، بۆیە ئەگەر ١٠٠ سکاڵاش تۆمار بکەن سەرکەوتوو نابن، لەبەر ئەوەی دادگای فیدراڵ شوێنی ئەو کارە نییە."
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، دیاریکردنی ١٧% پشکی ھەرێمی کوردستان یاسایی و دەستورییە، بۆیە ناتوانن ھیچ کارێک بکەن، ئەمەش کە دەیکەن بۆ ئەوەیە کە شکەستیان ھێناوە و دەیانەوێت شکەستەکەیان بشارنەوە، چونکە ئەمە واتای ئیفلاسی ئەوانە.
بڵند ئیبراھیم




