"خواست لەسەر کارەبا زیادی کردووە"

ههولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشت کارەبای هەولێر ئاشکرای دەکات 25%ی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکان دەچێت.
(حسێن حەمەد) بەڕێوەبەری گشت کارەبای هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا لە هەولێر ڕۆژ هەیە گەڕهکێک یان ناوچەیەک 7 سەعات کارەبای هەیە ڕۆژێکی تر 13 سەعاتە؛ ڕۆژی وایش هەیە 10 سەعاتە؛ بە گشتی تێکڕا ڕۆژانە 10 ــ 11 سەعات کارەبا دەدرێت بەو مەرجەی کێشەیەکی تەکنیکی نەبێت."
(حسێن حەمەد) ئەوەی خستە ڕوو بە هۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر کارەبا زۆر زیادی کردووە؛ گوتیشی: "بەهۆی ئاوارەکان یەک لەسەر سێی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاوارەکان زیاد بووە، بۆیە 25%ی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی ئاوارەکان زیادی کردووە."
بەرێوبەری گشتی کارەبای هەولێر چەند چارەسەرێکی خێرا دەخاتە ڕوو کە بە گوتەی خۆی دەکرێت کێشەی کارەبا لەم زستانە چارە بکرێت: "پێویستە حکوومەت بڕی نەوتی سپی زیاتر بکات و دابەشکردنیشی خێراتر بکات، هەروەها پرۆژەکانی کارەبا کە لە ساڵی 2014 سپاردراون بە کۆمپانیاکان پارەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان، پارەی زۆریشیان ناوێت بەم پرۆژانە کێشەی پچڕپچڕی کارەباش چارە دەبێت."
یەحیا سابیر




