قەرزەکەی عێراق، دەبێ پشکی کوردستانیشی لێ بدرێت

بهغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی کورد ڕایگەیاند حکوومەتی عێراق دەبێ لەو ملیارو200ملیۆن دۆلار قەزرەی کە دەیکات، بەشی هەرێمی کوردستانیشی لێ بدات.
بەپێی ڕێککەوتنی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بانکی نێودەوڵەتی بڕی ١ملیارو200ملیۆن دۆلار قەرز دەداتە عێراق و، تا چەند ڕۆژی دی بڕێک لە قەرزەکە دەگاتە عێراق.
(عەبدولقادر محەمەد) ئەندامی لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند بەپێی یاسا و بڕیارەکان بێت هەر قەرزێک کە حکوومەتی عێراق وەریدەگرێت دەبێت پشکی هەرێمی کوردستانیشی لێ بدات.
(عەبدولقادر محەمەد) گوتیشی: "قەرزەکەی بانکی ناوەندی بە ناوی هەموو عێراقەوە وەردەگیرێت و هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی دەبێت ئەگەر بەغدا کێشە نەنێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە بە پێی قەرزەکە و ئەو پرۆژانەی پێ جێبەجێ دەکرێت، قەرزەکە دەدرێتە هەرێمی کوردستان و مەرج نییە 17% بێت.
یەحیا سابیر




