قوتابیانی ئێزدی ئاسانکارییان بۆ دەکرێ لە زانکۆکانی هەرێمدا وەربگیرێن

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی ئێزدی لە زانکۆکانی هەرێمی كوردستاندا.
ئەمڕۆ یهكشهممه ڕێکەوتی (20/12/٢٠١٥) شێخ شامۆ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش سهردانی وهزارهتی خوێندنی باڵای كرد.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ستایش و سوپاسگوزاری هەوڵەکانی وەزارەت و خودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ کارئاسانیکردنی خوێندکارانی ئێزدی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و، لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێزدییهكانی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و، گرتنەبەری ڕێککاری یاسایی ئیداری بۆ ئەو خوێندکارانە له ڕێگهی میوانداری و گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانی هەرێمی كوردستان.
د. یووسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ: "خزمەتکردن و کارکردن بۆ کوردانی ئێزدی ئەرکیکی پیرۆز و شەرەفمەندایە بۆ ئەوەی بتوانین کەمێک لە ئازار و مەینەتییەکانی برا ئێزدییهكانمان کەم بکەینەوە."
لەبارەی وەرگرتنی خوێندکارانی ئێزدی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی هەرێم: وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند هەموو هەوڵ و توانای زانکۆکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگرتنی خوێندکارە ئێزدییهكان لە زانکۆکان، ههروهك هەمان مەرج و ڕێنماییەکانی خوێندکارانی هەرێمیان بۆ پیادەدەکەین و جیاوازیان لەنێواندا ناکەین. گوتیشی بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهەمان شێوە هاوکاری تەواوی خوێندکارە ئێزدییهكان دەکەین بۆ وەرگرتنیان یاخود میوانداریکردن و گواستنەوەیان.




