٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێویستە داواكاری گشتی لە بەرانبەر پێشێلكاری بە پیرۆزییەكانمان بێتە دەنگ"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی یاسایی دەڵێت، پێویستە بۆ پاراستنی سیمبول و پیرۆزییەكان لە هەرێمی كوردستاندا یاسایەك هەبێت، بەڵام كە یاسایش نییە، پێویستە لە بەرانبەر هەر پێشێلكارییەك بێدەنگ نەبین و، داواكاری گشتییش بێتە دەنگ.

چاودێری سیاسی و شارەزای یاسایی (د. عوسمان وەیسی)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەر وڵاتێك كۆمەڵێك سیمبولی خۆی هەیە كە خۆی لە سروودی نیشتیمانی و ئاڵا و مێژوو و ئەو قوربانیانەی داویانە دەبینێتەوە، لە هەرێمی كوردستانیشدا ئاڵا و سروودی نیشتیمانی و ئەو تاوانانەی بەسەر گەلی كورددا هاتوون، جێگەی ئەوە نین شیكردنەوەی جیاوازیان بۆ بكرێت، چونكە ئەمانە سیمبولی هەرێمی كوردستانن".
(وەیسی) گوتیشی: "بوونی یاسایەك بۆ سیمبول و پیرۆزییەكانمان زۆر پێویستە، هەر  وەكو وڵاتانی پێشكەوتوو و لەكاتێكیشدا ئەگەر یاسایەكی لەو چەشنەیش نەبێت، پێویستە لە ناوخۆ و دەرەوە كەسی نیشتیمانی و بێگانە رێكخراو و حیزبی سیاسی بای ئەوەندە تێگەییشتن و هەستیان هەبێت كە ئەمانە بە پیرۆز بزانن، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە بەشێك لە نەریت و بە بیانووی جیاجیا رێزی لێ نەگرن، پێویستە بەیاسا رێك بخرێت، بوونی ئەم یاسایەیش دەبێتە بەشێكە لە شكۆ و سەروەرییەكان".

ئەو شارەزایە دەشڵێت: "ئێمە لە هەرێمی كوردستان گرفتێكی گەورەمان هه‌یه‌ كە دادگای دەستووریمان نییە، بەڵام كە دادگا نییە، پێویستە بەپێی عورفی وڵاتان ئەگەر لە هەر پێشێلكارییەك كە یاسایشمان نەبێت، ناكرێ هەڵوەستە نەكەین و داواكاری گشتی قسەی لەسەر نەكات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێویستە ئەمە بەیاسا چارە بكرێت لە ژێر رۆشنایی پرەنسیپی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و عورفی وڵاتان و یاسایەكی جوان دابڕێژرێت كە هەموو كەس بزانێت ئەمانە پیرۆزن".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار