سەربازێکی بەلژیکا: لەگەڵ پێشمەرگەدا یەک ئامانجمان هەیە

بڕۆكسل-KDP.info- "ئێمە پێشمەرگە بە باشی دەناسین، دەزانین كە ئەوان چەندە ئازان و چەند قوربانییان داوە لە پێناوی ئازادیی هەموو جیهاندا.. ئێمە یەك ئامانجمان هەیە لەگەڵ پێشمەرگەدا، ئەویش ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەڵ تیرۆر"، سەربازێکی بەلژیکایی وایگوت.
من و هاوكارێکی ڕۆژنامەنووسم كە بۆ ئەركێكی ڕۆژنامەوانی ڕوومان لەو وڵاتە كردبوو، لەسەر بارودۆخەكە خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێك بووین، لەگەڵ ئەوەی سەدان كەناڵ و ڕۆژنامەنووسی بیانی ڕوویان لە بڕۆكسل كردبوو، بەڵام هیچ سەربازێك بۆی نەبوو قسە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكات، ئەگەرچی وێنەیشیان دەگیرا، لەگەڵ ئەوەی پێمزانی كە ڕێگەیان پێ نەدراوە قسە بۆ میدیاكان بكەن، سارد نەبوومەوە لەوەی هەوڵی خۆم بدەم بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ سەربازە بەلژیكاییەكان بكەم، بۆیە لە دوو سەربازی پاسەوانی یەك لە شوێنە گشتییەكان نزیك بوومەوە، پێم گوتن كە من ڕۆژنامەنووسم و دەمەوێ وێنەیان بگرم، بەڵام زوو ڕێگەیان لێ گرتم و گوتیان قەدەغەیە، منیش گوتم: "بەڵام من لە كوردستانەوە هاتووم، هەر كە ناوی كوردستانم هێنا، سەربازەكان تەواو ڕووخساریان گۆڕا و بە دڵخۆشییەوە تەوقەیان لەگەڵ كردین و بەخێرهاتنی گەرمیان كردین، یەك لە سەربازەكان گوتی: "ئێمە پێشمەرگە بە باشی دەناسین، دەزانین كە ئەوان چەندە ئازان و چەند قوربانییان داوە لە پێناوی ئازادیی هەموو جیهاندا، ئێمە یەك ئامانجمان هەیە لەگەڵ پێشمەرگە كە ئەویش ڕوبەڕووبونەوەیە لەگەڵ تیرۆر، ئەو سەربازە و هاوڕێكەی گوتیان: "تكایە وتەكانمان و وێنەكانیشمان بگوازنەوە بۆ كوردستان، دواتریش زۆر پێمان خۆشە بیبینینەوە كە پەیامەكەمان بە پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان گەییشتووە".
دوای ئەو چەند قسەیە دوو سەربازەكە زۆر بەڕێزەوە سڵاویان لێ كردین و جێمان هێشتن.
گوتەی ئەو سەربازانە زۆر خۆشحاڵی كردین، پێشتریش بۆ كاری ڕۆژنامەوانی چوومەتە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام بەر لە شەڕی داعش، كورد و پێشمەرگە بەو شێوەیە نەناسرابوون كە ئەمجارە بینیم، پێشمەرگە و كوردستان نەك هەر ناسراون ئێستا، بەڵكو زۆر ڕێز لە ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە دەگیرێت لەلایەن خەڵك و دەسەڵاتی ئەورووپاوە، چونكە ستاییشكردنی پێشمەرگە لەلایەن خاوەنی ئەو هۆتێلەی شەوێك لە بڕۆكسل زۆر هاوكاری كردین، تێیگەیاندم كە قارەمانەتیی پێشمەرگە بە هەموو دونیا گەییشتووە، ڕۆژی 25ـی نۆڤێمبەریش لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا، گوێم لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا بوو كە چۆن بەرگری لە پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دەكەن لە گرینگترین دەزگای بڕیاردان لە یەكێتیی ئەورووپا كە شەڕی ئازادیی دەكەن لە بری هەموو دونیا.
کاتێک (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 19ـی دێسێمبەردا، کە بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرانبەر پەلامارەكانی داعش بە دەستیان هێنا، ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە خوێن و گیانفیدایی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و بووە جێگای سەرسامیی جیهان، لە سایەی قوربانیدانی پێشمەرگەیشە ئێستا هەموو مرۆڤایەتی بە چاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری گەلی كوردستان دەكات."
هەڵبەت وا پەیامێک نەک هەر لە نێوخۆدا، بەڵکوو بە کۆی پەیامەکانی دیکەیشییەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بەسەر ئەورووپایییەکانەوە هەبووە و هەیە. هەڵوێستی سەربازنی ئەورووپایی کە من گوێبیستی بووم، لەكاتێکیشدا كە بارودۆخی ئاساییشی ئەورووپا بە گشتی و بڕۆكسل بە تایبەت لە ترسی تیرۆر و داعش تەواو شڵەژابوو، کاریگەری هەبووە و هەیە.
من وا لە بایەخی ئەم پەیامەکانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەورووپاییەکان تێگەیشتم کە، ئەگەر ئیرادە هەبێ ئەوا داعش ئەو هێزە نییە هەڕەشە لە تەواوی مرۆڤایەتی بکات؛ هەروەک چۆن پێشمەرگەی کوردستان ئوستوورەی داعشی لە ناوچەکەدا شکاندووە.
كارزان حەیدەر-بڕۆكسل




