٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جگە لە گۆڕان، کۆی فڕاکسیۆنەکان کۆ بوونەوە.. گرووپێک دروست دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، سەرجەم فڕاكسیۆنەكان ئامادەی كۆبوونەوەیەك بوونە لە هۆڵی پەناگیریی پەرلەمان و فڕاكسیۆنی گۆڕانیش بەشداری نەكردووە، بریاریشیان داوە گرووپێك بۆ چارەكردنی ئەم دۆخە خراپەی هەرێم و دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست دروست بكەن.

دكتۆر (فرسەت سۆفی)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رۆژی ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا، دوای هەڵكردنی ئاڵا، (سالار مەحموود) پەرلەمانتاری یەكێتی بانگەوازێكی كرد بۆ ئەوەی لە هۆڵی پەناگیری لە پەرلەمانی كوردستان هەموو فڕاكسیۆنەكان ئامادە بن و كۆبوونەوە بكەین، ئەوە بوو سەرجەم فڕاكسیۆنەكان ئامادەی ئەم دانیشتنە بوون تەنیا گۆڕان بەشداری نەكرد، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەوە كرا كە چۆن پەرلەمانتاران كار بكەن و رۆڵیان هەبێت لە كۆتاییێهێنانی ئەم دۆخە خراپەی هەرێمی  كوردستان."

(سۆفی) گوتیشی: "هەموو فڕاكسیۆنە بەشداربووەكان كۆك بووین لەسە‌ر ئەوەی گرووپێك دروست بكەین، لەم حەفتەیەیشدا ئەم گرووپە كۆ دەبێتەوە بۆئەوەی چۆنیەتیی كاركردنی خۆی رابگەیێنێت، جا چ لە رێی داواكاری و بەیاننامەوە بێت، یان وا بكرێت كە هەموو پەرلەمانتاران داوا بكەن كۆبوونەوەكانی لایەنەكان دەست پێ بكاتەوە بۆ چارەكردنی ئەم دۆخە، یانیش بچین سەردانی حزبە سیاسییەكان بكەین، یاخود فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان رێك بخەینەوە، دوای گەنگەشەكردنی ئەم هەڵبژاردنەیش، بڕیار دەدرێ كە ئەم گرووپە چ رێگایەك بگرێتە بەر  بۆئەوەی ئەم دۆخە خراپە چارە بكرێت و پەرلەمان رۆڵی خۆی بگێرێت لەم دۆخەدا."

ئەو پەرلەمانتارە، پێوەست بە هەڵوێستی فڕاكسیۆنی زەردیش جەختی كردەوە: "فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان پەرۆشیی خۆمان بۆ ئەم دۆخەی هەرێم دەربڕیوە، هەرچییەكیش لە تواناماندا بێت دەیكەین بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی هەرێم كۆتایی پێ بیت، لەم چوارچێوەیەیشدا بە هەموو شێوەیەك رۆڵی خۆمان لە پەرلەمانی كوردستاندا دەگێڕین."

 

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار