٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردانی ڕۆژئاوا: دەبێ په‌یه‌ده‌ باجی ئەو سووكایه‌تییە بدات کە به‌ ئاڵای کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   کوردانی ڕۆژاوا داوا دەكەن (سەرۆك بارزانی) چیدی ڕێگا نەدات ئەم ڕەوشە خراپە لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێت و، بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی ڕووبەڕووی ئەم بێڕێزیانە ببێتەوە كە بەرانبەر بە گەلی كورد دەكرێت لەلایەن پەیەدەوە.

(میرڤان حەمۆ) كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە كەمپی قوشتەپە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زۆر دڵخۆش بووین بەوەی برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕۆژی ئاڵای كوردستانیان بەرز ڕاگرت و، پەیامی خۆیان بە دژمنان و نەیارانی گەلی كورد گەیاند, بەڵام زۆر جێگای داخە كە چەكدارانی پەیەدە ڕێگرییان لێ كردوون و، هەمووڵیان داوە بڵاوە بە بەشداربووانی چالاكییەكان بكەن."
)حەمۆ) ئاماژەیشی دا: "كەسوكارمان لە ڕۆژئاوادا بۆمانیان پشتڕاست كردووەتەوە كە چەكدارانی پەیەدە خەڵكیان دەستگیر كردووە و، بێڕێزییەکی زۆریان بە ئاڵای كوردستان كردووە. ئەو كردەوەیەی پەیەدەش ناڕەزاییەتیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە, چونكە ئەوە چەندین ساڵە گەلی كورد لە پێناو بەرز كردنەوەی ئەم ئاڵایەدا خەبات دەكات."
ئەو كوردە ڕۆژئاواییە جەختیشی كردەوە: "ئەم كردەوەیەی پەیەدە لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا كاردانەوەیەکی زۆر نەرێنیی دەبیت و، دەبێ باجی ئەو هەڵەیەی بدات، بەوەی كە ئیدی ڕوو لە پووكانەوە بكات, خەڵكی لە ڕۆژئاوا باش لەو ڕاستیە گەیشتوون پەیەدە سەرجەم هێڵە نەتەوەییەكانی بەزاندووە."
  (ئالان هاشم) كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە كەمپی كەورگۆسكەوە ڕایگەیاند: "بەهۆی كردەوە خراپەكانی پەیەدە و دەستێكەڵكردنی لەگەڵ ڕژێمی سووریا و ڕەشبگیری، خەریكە ڕۆژئاوای كوردستان خاڵی دەبێت لەگەنج, خەڵكی هەمووی ناوچە كوردییەكان بەجێ دێڵن و ڕوو لە باشووری كوردستان و هەندەران دەكەن. ئەم سووكایەتی كردنەی پەیەدەش بە ئاڵای كوردستان لە ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی كوردستان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە پەیەدە هێزیكی دژبەری كوردە و، بۆ دژمنانی گەلی كورد كار دەكات, ئاخر ئەوەتا ئاڵای كوردستانی ژێرپێ خستووە و سووتاندوویەتی."
)هاشم) دووپاتیشی كردەوە: "پەیەدە خەڵكی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان دەستگیر كردووە؛ ئەوە بەهیچ شێوەیەك جێگای قەبووڵی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان نییە. ئێمە داوا دەكەین هەرچی زووە كوردانی ڕۆژئاوا بە توندترین شێوە بەرانبەر پەیەدە بوەستنەوە و ڕێگا نەدەن پەیەدە  دەسەڵاتداریەتی ئەم پارچەیەی كوردستان بكات. چونكە ئیدی هیچ نەما بە كوردان و كوردپەروەرانی ئەم پارچەیەی كوردستانی بكات, ئیدی ئەم جارە لەرێگای سوكایەتی كردن بە ئاڵای كوردستان ئەجینداكانی دوژمنانی كورد جێبەجێ دەكات."

هەروەها (عەبدوڵا سلێمان) كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە كەمپی قوشتەپەوە ڕایگەیاند: "ئەوەی پەیەدە لە ڕۆژی پیرۆزی ئاڵای كوردستاندا کردی و، سووكایەتیی بە ئاڵا و ڕەمزی پیرۆزی گەلی كورد كرد، جێگای قەبووڵ نییە, پەیەدە نەك هەر كوردپەروەر نییە بەڵكو بەوپەڕی دیكتاتۆری و تاكرەوی كار دەكات, بە هەموو شێوەیەك دژی دەستكەوتە نەتەوەییەكانی گەڵی كورد وەستاوەتەوە لە ڕۆژئاوای كوردستاندا."

ئەم كوردە ڕۆژئاواییە باسی لەوەش كرد: "داوا لە سەرجەم بەرپرسانی لایەنە كوردپەروەرەكان دەكەم بە تایبەت (سەرۆك بارزانی) كە چیدی ڕێگا نەدات ئەم ڕەوشە خراپە لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێت و، بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی ڕوبەروی ئەم بێڕێزیانە ببێتەوە كە پەیەدە بە گەلی كوردی دەکا؛ كە دواهەمینیان سووتاندن و قەدەغەكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستانه‌."

ڕۆژی 17ـی ئەم مانگەدا كە ڕۆژی ئاڵای كوردستان بوو، هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا مەراسیم ساز دەكرێت لە تەواوی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستانیشدا. لە ڕۆژئاوای كوردستان چەكدارانی پەیەدە لەم ڕۆژەدا ئاڵای كوردستانیان سووتاندووە و سووكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە, بەشداربووانی مەراسیمەكانیان ئازار داوە و دەستگیریان كردوونه‌.
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار