"كۆمسیۆن دوای یهكلاكردنهوهی 12 بهڕێوهبهره گشتییهكه، فهرمانبهرانیش یهكلا دهكهنهوه"

ههولێر-KDP.info- گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان(شیروان زار) دەڵێ، ئێستا كار لەسەر هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی 12 بەڕێوەبەرە گشتییەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان دەكرێت و هەركاتێك گەیشتینە ڕێكەوتن و ئەوانمان دەستنیشان كرد دەست بە دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە دەكەین كە پیویستمانن.
(شیروان زار) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو سیڤیانەی بۆمان ڕەوانە كرابوون بەشێكیان بۆ پلەباڵاكان بوو بەشەكەی تریشیان بۆ فەرمانبەرەكان بوو لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان. ئێستا كار لەسەر هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی 12 بەڕێوەبەرە گشتییەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە هەشتیان لە ئەنجومەن و كارگێڕیدا دەبن، چوارەكەی تریشیان لە پارێزگاكان دەبن. ئێمە وەكو ئەنجومەن تا ئێستا لەسەر پێوەرەكان و كەسەكان بڕیارمان نەداوە و نەگەیشتووینەتە ڕێكەوتن لەسەر ئەو 12 بەڕێوەبەرە گشتییە، چونكە ڕای جیاواز هەیە لەسەر تەمەن و خزمەتی كاركردن و سیڤیەكانیان."
(شیروان زار) جەختیشی كردەوە: "كار لەسەر ئەم 12 بەڕێوەبەرە گشتییە دەكەین و هەركاتێك گەیشتینە ڕێكەوتن و ئەوانمان دەستنیشان كرد ئینجا دەست بە دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە دەكەین كە پیویستمانن، چونكە ئەم بەڕێوەبەرە گشتیانە جومگەی كارەكەن و ناكرێ فەرمانبەر پێشی بەڕێوەبەری گشتی دابمەزرێنین. جا کەینێ ئەم بەڕێوەبەرە گشتیانە دەستنیشان كران ڕاستەوخۆ دەست دەکەینە دەستنیشانكردنی فەرمانبەرەكان."
گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان ئاشكرایشی كرد: "كارمان لەسەر فۆرمە پێشكەشكراوەكان كردووە و فۆرم و ناوە دووبارەكانمان سڕیونەتەوە، داتا بەیسەكانمان ئامادە كردووە لە هەردوو بەشی پلەی باڵا و فەرمانبەرەكان."
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان چەند مانگێك لەمەوبەر بڕیاری دامەزراندنی 535 كارمەند لە ئۆفیسی سەرەكی و هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەركرد، لەم ناوەیشدا زیاتر لە 100هەزار فۆرم لەلایەن هاووڵاتیانەوە پێشكەش كراون.
سەرباز واحید




