٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەدعان عەلی: پەیەدە دژایەتیی هەموو پیرۆزی و رەمزەكانی كورد دەكات

سەرچاوە: KDP.info
نوێنەری بزووتنەوەی چاكسازیی كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستان(جەدعان عەلی).

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info-  نوێنەری بزووتنەوەی چاكسازیی كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، پەیەدە دژایەتیی هەرچی پیرۆزی و رەمزی كورد هەیە دەیكەن و، دەیانەوێت هەموو كارێك خۆیان بیكەن و بڕیارەكانیش لە دەست ئەواندا بن. جەختیشی كردەوە: "ئێمە لە (بەشار) و باوكی خۆسەپاندنمان قبوڵ نەكردووە و، ئێستاش لە هیچ كەسێك قبووڵی ناكەین".

(جەدعان عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیەدە هەرچی پیرۆزی و رەمزێكی كورد هەیە، لای ئەوان باش نییە و دژایەتی دەكەن، هیچ كەس و لایەنێكیش قبووڵ ناكەن و تەنیا ئەو كارانەی خۆیان لا پەسەندە كە دەیكەن، هەر بۆیەیش شەڕی ئاڵای كوردستان دەكەن، ئەگەرنا ئاڵای كوردستان هیی هیچ كەس و حیزبێك نییە و بە ئاڵای هەموو كوردستان هەژمار دەكرێت و نەتەوەییە".

(عەلی) گوتیشی: "كردەوەكانی ، تەنیا زیان بە كورد دەگەیەنن و، ئێمەیش بۆیە دژی ئەوە دەوەستینەوە، چونكە لە ئێستادا رۆژئاوایان داگیر كردووە، بۆیە كۆچكردن بەردەوامە و خەریكە بە هۆی سیاسەتی ئەوانەوە رۆژئاوای كوردستان چۆڵ دەبێت، لەبەر ئەوەی رێگە نادەن هیچ كەس و لایەنێك هیچ چالاكییەك ئەنجام بدەن، هەر دوێنێیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییان بۆ رۆژئاوای كوردستان بردووە و پەیەدە رێگرییان لێ كردوون، چونكە دەیانەوێت هەموو كارێك لە رێگەی ئەوانەوە بێت و خۆیان دەسەپێنن".

نوێنەری بزووتنەوەی چاكسازیی كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی مەدەنیانەی خۆمان و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ كردارەكانی پەیەدەدا نین، چونكە ئێمە خۆسەپاندنمان لە (بەشار) و باوكی قبووڵ نەكردووە و، ئێستایش لە هیچ كەسێكی قبووڵ ناكەین تاكڕۆیانە بڕیار بدات و زیان بە نەتەوەی كورد بگەیێنێت".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار