٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان، دوورە لە ئەخلاقی كوردایەتییەوە"

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- كەسایەتییەكی سیاسیی دیاری رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، سوكایەتیكردنی پەیەدە بە ئاڵای كوردستان، لە ئەخلاقی كوردەوە دوورە و دەبێتە پەڵەیەكی رەش لە مێژووی ئەواندا. جەختیشی كردەوە، ئاڵای كوردستان ئاڵای هەموو كوردێكە و هیچ لایەنێك ناتوانێت ئاڵایەكی دیكە لە شوێنی ئەو دیاری بكات.

(سەڵاح بەددرەدین)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیەدە دەیانەوێت ئاڵایەكی حیزبی لە شوێنی ئاڵای كوردستان دابنرێت، لە كاتێكدا ئەو ئاڵایە بۆ هەموو كوردێكە و ناكرێت هەر لایەنێك و پارتیێك ئاڵایەك وەك شوێنگرەوە بۆ خۆی دابنێت".

سەبارەت بە سوكایەتیكردنیش بە ئاڵای كوردستان لە رۆژئاوا، (سەڵاح بەدرەددین) بۆ ئەوەی گەڕاندەوە كە ئەوانە لەو ناوچانەدا دەسەڵاتدارن و رژێمی سووریا پشتگیرییان دەكات، دەیشزانین چۆن پەیدا بوون و نایانەوێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بگەنە رێككەوتن، تەنیا حیساب بۆ خۆیان دەكەن، ئەمەیش تەنیا بۆ دژایەتیی كوردە.

(بەدرەددین) گوتیشی: "هێرشكردنەسەر ئاڵای كوردستان بە ئاو و بەرد كارێكی زۆر خراپە و لە بەرژەوەندیی كوردایەتیدا نییە و ئەمەیش ئەخلاقی كورد نیە، بەداخەوە مەسەلەكەیش ئەوەیە پەیەدە بۆ كوردایەتی خەبات ناكات".

ئەو كەسایەتییە سیاسییەی رۆژئاوای كوردستان دەشڵێت، ئەمەی ئەو گرووپەی پەكەكە دەیكات، جاری یەكەمیان نییە و تەنانەت ئەو فیدراڵییەتەی لە باشووری كوردستانیش دروست بووە، ڕووبەڕووی بوونەتەوە و لەگەڵ دوژمنی ئەو دانوستان دەكەن، بۆیە ئەمە دەبێتە پەڵەیەكی رەش لە مێژووی كوردا بۆ ئەوان و ئەو پرسە نەتەوەییە بەو شێوەیە قبووڵ ناكرێت، بۆیە ناتوانن مێژوو بگۆڕن و داواكارییەكانی كورد پشتگوێ بخەن، بەڵام دژومنیان لە پشتە و دەیانەوێت شەڕ لە نێوان كورداندا دروست بكەن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار