٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی ناوچەی سوور: ئەو هاووڵاتیانەی گەمارۆ دراون، هاوكارییان بۆ دەبەین

سەرچاوە: KDP.info
پۆلیسی تورك له‌ ئامه‌د.

ئامەد-KDP.info- رەوشی ناوچەی سوور لە ئامەد تا دێت خراپتر دەبێت و، بە هەزاران هاووڵاتی ماڵی خۆیان جێ هێشتووە، ئەوانەیشی لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، چواردەوریان گیراوە و ناتوانن بە هیچ شێوەیەك بۆ كڕینی پێداویستییەكان بێنە دەرەوە.

چەند پەرلەمانتارێكی هەدەپە لە ئامەد ویستیان بە پێ بچنە ناوچەی سوور و لەوێ لە حاڵی هاووڵاتیان بپرسن، بەڵام پۆلیس رێگەی پێ نەدان، ئەوانیش بە هیچ شێوەیەك كێشەیان لەگەڵ پۆلیسدا دروست نەكرد، چونكە یەكێك لە پۆلیسەكان بڕوای پێیان هێنا كە ئەگەر بچنە ناوچەی سوور، گیانیان لە مەترسیدا دەبێت و بارودۆخ زۆر خراپە.

لە لایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ لە لایەن قایمقامی ناوچەی سوورەوە، پێداویستی وەكو خواردەمەنی و پێداویستیی تەندروستی بۆ ئەو هاووڵاتیانە نێردرا كە لەناو ماڵەكانیاندا گەمارۆ دراون و ناتوانن بۆ كڕینی كەلوپەل بێنە دەرەوە، بە گوێرەی گوتەی قایمقامیش، ئەو یارمەتییانە بەردەوام دەبێت.

قایمقامی ناوچەی سوور (محەممەد تورا) لە گوتەیەكیدا بۆ "سی ئێن ئێن"ـی توركیا دەڵێت: "بە هەزاران هاووڵاتی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و، لە ترسی گیانی خۆیان ئاوارە بوون، بەڵام ئەمە كاتییە و بەڵێن دەدەین كە كۆتایی پێ بێت".

بە گوتەی ئەو، تاوەكو ئێستا پێداویستییان بەسەر 500 خانەوادەی ناوچەی سووردا دابەش كردووە و، بەردەوامیش دەبن لە دابەشكردنی كەلوپەلی پێویست.
پەرلەمانتاری هەدەپە (چاغلار دەمیرال)، بۆ هەمان كەناڵ قسەی كرد و گوتی: "ئێمە هەر دەبێت بچینە ناوچەی سوورەوە، چونكە شوێنی ئێمەیە و گەنجیمان لەوێ بەڕێ كردووە و، دەیان یادگاریمان تێیدا هەیە. لەوێ ژیانی خەڵك بۆ ئێمە لە هەموو شتێك گرینگتر و پێویستترە، پێویستە گوێ لە خەڵكی ئەو ناوچەیە بگیرێت و بزانرێت چییان دەوێت و، پاشان داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێن".

كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار