پهیهده له گهمارۆدانی گوندی سوێد لە ڕۆژئاوای كوردستان بهردهوامه

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی ئەنەکەسە دەڵێت، گەمارۆی سەر گوندی سوێد بەردەوامە و، پەیەدە بە ئارەزووی خۆیان لە خەڵک دەکۆڵنەوە و دستگیر و ئازادیان دەکەن؛ ھەموویشی هەر لەبەر ئەوەیە خەڵکی ئەو گوندە ئەندامی 'پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریان'ـە.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەنەکەسە (نووری بریمۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گوندی سوێد لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەمارۆ دراوە و، پەیەدە ھەندێکی ھاووڵاتیی دەستگیر کردوە و، هەندێکیانی بەر داوە؛ خۆی کردووە بە حکوومەت کە ھەموو جۆرە کەسێکی تێدایە لە کورد و عەرەب و دیان (مەسیحی) و، لەو خەڵکە لاشەڕ (سڤیل)ـە دەکۆڵێتەوە."
(نووری بریمۆ) گوتیشی، پەیەدە تۆمەتی بۆ خەڵکی گوندی سوێد هەڵبەستووە؛ دەڵێ گوایە بەنگەمەنی و هیرۆیین دەفرۆشن، هیچیش وا نییە. ڕاستییەکەی ئەوەیە خەڵکی ئەو گوندە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان سووریانە، ئەگەرنا کێ دەتوانی بەبێ ئەوان ھیچ کارێک بکات و، ھەمووی بوختانە.
(بریمۆ) ڕوونیشی کردەوە، (حوسێن کۆچەر) بەرسی سەربازییەکەیان لە گوندی سوێدایە، جا ڕەنگە ئەو چەکانەی باسی دەکەن ھی ئەوان بێت کە لە عێراقەوە بۆیان نێردراوە، چونکە پەیوەندییان لەگەڵ (نووری مالیکی) و حەشدیشەعبی باشە؛ دیارە ئەوانە جاشن!"
گوتیشی، چارەسەر ئەوەیە کە یان ڕژێمی سووریا بڕووخێت یاخود ھێزی پێشمەرگەی ئێمە بچێتە ڕۆژئاوا و، شەڕی براکوژی هەڵگیرسێت.
ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاند، ئەوانەی ھێرشیان کردووەتە سەر ئەو گوندە، سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەدن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی ئەنەکەسە ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەو کارەیان کردووە بۆ ئەوەی چاوی خەڵک بشکێنن، چونکە ئێمە خۆپیشاندانمان کرد و، سەلماندمان کە ئێمە حزبێکی جەماوەرین و، ئەوانیش حزبی چەکدار و میلیشانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاسایشی پەیەدە لە کاتی یاری تۆپانێی منداڵان نۆ منداڵیان ڕفاند و، دواتریش کەسوکارەکەیان ھێرشیان کردە سەر بارەگای پەیەدە و، منداڵەکانیان ئازاد کردن.
بڵند ئیبراھیم




