٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەورامی: پرسی مەزهەبگەرایی لە عێراق و سووریادا، لە ئاستێكی مەترسیداردایە

سەرچاوە: KDP.info
(هێمن هەورامی) لە كۆنگرەی ساڵانەی پارتیی "سی دی یو"ـی ئەڵمانیا.

ئەڵمانیا-KDP.info-  (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، ئێستا شتێك نەماوە بە ناوی سنوورەوە لە نێوان دەوڵەتی سووریا و عێراقدا و، پرسی مەزهەبگەراییش گەییشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.

لە چوارچێوەی كۆنگرەی ساڵانەی پارتیی "سی دی یو"ـی ئەڵمانیا و بەشداریكردنی شاندێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پانێڵێكی سیاسی و فیكری بە ئامادەبوونی هەریەكە لە بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیی سی دی یوی ئەڵمانیا و سەرۆكی لیژنەی بەرگری و ئاساییش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، هەروەها بەرپرسی دۆسییەی پەیوەندییەكانی پارتیی سی دی یو لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و چەندین كەسایەتیی سیاسی و دیپلۆماتكارانی جیهانی، بۆ (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رێك خرا و، تێیدا تیشكی خستە سەر ڕەوشی كوردستان و عێراق و سووریا و شەڕی تیرۆر.

(هەورامی) لەبارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستانەوە گوتی: "هەرێمی كوردستان بووەتە ئەو ناوەندەی كە بە هۆی جۆری حكومڕانی و كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كورد، پەنابەرێكی زۆری عێراق و سووریا ڕوویان تێ كردووە". هەروەها سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق، رایگەیاند، عێراق ناگەڕێتەوە ئەو قەبارەیەی جاران، چونكە جاران لە ڕێگەی كوشتن و بڕینەوە عێراقێكی یەكگرتوو بوونی هەبوو، ئێستا بە شێوەیەكی پڕاكتیكی كوردستان و عێراقە شیعییەكە و سوننییەكە جودان، ئەمەیش لە بەرئەنجامی ئەو حكومڕانییە سەدساڵەیەی رابردووە، كە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە درێژایی ئەو سەد ساڵە نەیانویستووە مافی گەلی كورد دابین بكەن و بەردەوام هۆكاری ناكۆكی بوون بۆ گەلی كورد، تا بە ئێستایش دەگات حكوومەتەكانی عێراق بوونەتە لەمپەر لە بەردەم پێشكەوتن و سەركەوتنەكانی گەلی كور.
ئەو هەروەها تیشكی خستە سەر حكومڕانی لە عێراق و سووریا كە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر لە ناوچەكەدا و، ئێستا شتێك نەماوە بە ناوی سنوورەوە لە نێوان دەوڵەتی سووریا و عێراق و، مەسەلەی مەزهەبگەراییش گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، گەر ژیرانەیش لە هاوكێشەكان بڕوانین، ئەوا دەبینین حكومڕانی چەند ساڵەی ڕابردووی هەردوو حكوومەتی عێراق و سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی مەزهەبی و دیكتاتۆری ڕێڕەوەكەیان بڕیوە، بۆیە وەها بۆشاییەك درووست بوو كە داعش زۆر بە سانایی توانی دەست بەسەر بەشێكی زۆری خاكی عێراق و سووریادا بگرێت، ئەم دەستبەسەرداگرتنەیش بووە گەورەترین كێشە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە پێداویستی سەربازیی چەندین فیرقەی سەربازیی عێراق و سووریا كەوتە دەستیان و پەلاماری كوردستانیان پێ دا. تاكە هێزیش كە توانی داعش ڕابگرێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، توانی لەسەر ئاستی جوگرافیا و ئایدۆلۆژی و زانیاری و دارایی داعش بشكێنێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (هێمن هەورامی) ئاماژەی بە سەربەخۆیی كوردان دا، كە بە ڕاشكاوانە باسی لەو ستراتیژییە كرد كە سەركردایەتیی كورد بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) لە هەوڵی بەرەو سەربەخۆییدان، چونكە ئەزموونی چەندین ساڵەی هەرێمیمان لە چوارچێوەی عێراقدا سەلماندی كە گەر ماف لە دەستی غەیرە كورد بێت، بە كورد نادرێت، هەروەها دەوڵەتی كوردستانیش فاكتێكی بەهێزە لە ناوچەكەدا بۆ سەقامگیری و مومارەسەی دیموكراسی.
لەلایەن ئامادابووانەوە قسەوباسێكی تێروتەسەل لەسەر قسەكانی (هەورامی) كرا، كە هەموویان لە چوارچێوەی پشتگیریدا بوون بۆ هەرێمی كوردستان.

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار