٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆك بارزانی، 198 رۆژ لە بەرەكانی شەڕدا ماوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگەدا، لەسەر نەخشە پلانی شکستدانی داعش دەدەڕێژن. ئەرشیڤ

هەولێر-KDP.info-  (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان وەك تاكە سەرۆك، خۆی سەرپەرشتیی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشی كردووە و لە ماوەی یەك ساڵ و 5 مانگی شەڕی داعشدا 198 رۆژ لە بەرەكانی شەڕ ماوەتەوە.

 

(بارزانی) كە هاوكات سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە، لەو كاتەی رێكخراوی داعش ئاراستەی هێرشەكانی گۆڕی و بەرەو باشووری كوردستان هات، خۆی سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە دەكات و چەندینجاریش لە سەرجەم میحوەرەكان سەردانی سەنگەرەكانی كردووە.

هێزی پێشمەرگە كە تاكە هێزی كاریگەر و رێكخراوە لە عێراق بە واقیعی شكستی بە داعش هێنابێت، زیاتر لە هەزار و 50 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ داعش هەیە و تاوەكو ئێستاش زیاتر لە هەزار و 300 شەهیدی داوە.



(هێمن هەروامی) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی مانەوەی بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، تاوەكو ئێستا 198 رۆژ خودی خۆی لە بەرەكانی شەڕ ماوەتەوە و سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی كردووە.

دیارترین ئۆپەراسیۆن كە (بارزانی) راستەوخۆ سەرپەرشتیی كردبێت، ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شنگال بوو، كە پێشمەرگە مانگی رابردوو بە كەمترین زیان ئازادی كردەوە. (بارزانی) هاوكات ئەندامی ژووری هەماهەنگی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە دژی داعش.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە پێگەیەكی بەهێزی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە و، هەر سەركردە و شاندێكی گرینگ سەردانی عێراق بكات، بەبێ بینینی ئەو ناگەڕێتەوە، یان لە دەرەوە وەك سەرۆكی وڵاتێكی سەربەخۆ و كاریگەر پێشوازی لێ دەكرێت.

داعش لە ماوەی ئەم یەك ساڵ و 5 مانگەدا جگە لە شەهیدكردن و ئاوارەكردنی خەڵكی چەند شار و شارۆچكەیەك، زیانی ئابووری زۆریشی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان بۆ زیانە ئابوورییەكانی شەڕی داعش، ئەو رێكخراوە زیانی 419 ملیار دیناری بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، جگە لە زیانەكانی شارۆچكەی شنگال و دەوروبەری.
 

ڕووداو

هەواڵی پەیوەندیدار