٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەریتانیا: هەرێمى کوردستان بە ئاراستەیەکى دروستدا هەنگاو دەنێ

سەرچاوە: KDP.info
کۆبوونەوەی وەزیرى دەوڵەتى بەریتانىا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەرپرسی فەرمانگەی پیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info-  وەزیرى دەوڵەتى بەریتانىا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی کە ناوچەکە بە بارودۆخێکى دژواردا تێدەپەڕێت و رووبەڕووبوونەوەى زۆر لەئارادان، بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ئاراستەیەکى دروستدا هەنگاو دەنێ.

ئەم لیدوانەی وەزیرى دەوڵەتى بەریتانىا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (توبایەس ئێلوود)، لە دیداریدا بوو لەگەڵ (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت، کە تێیدا (ئەنگەس مەککاى) کۆنسووڵى گشتیى بەریتانیا و (سوهام جەبەلى) یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەی بوون.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لە رۆڵ و قارەمانەتیى هێزەکانى پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتن و پیشووەچوونانە کرد کە بەم دواییە دژى تیرۆرستانى داعش بەدەستیان هێناوەو ئاماژەى بە سەرکەوتنى پرۆسەى ئازادکردنى سنجار کرد. هاوکات باس لە بارودۆخى ناهەموارى ئاوارەو پەنابەرانى ناوخۆو سوریا کراو تیشک خرایە سەر پەیوەندیە دووقۆڵیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا.
وەزیرى دەوڵەتى بەریتانىا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پابەندبوونى وڵاتى بەریتانیاى بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و گوتى، "پێشوازى لە هەر دەرفەتێک دەکەین بۆ یارمەتیدانى هەرێمى کوردستان بۆ باشترکردنى دامەزراوەکانى. ئێمە ئاگادارین کە ناوچەکە بە بارودۆخێکى دژواردا تێدەپەڕێت و رووبەڕووبوونەوەى زۆر لەئارادان. بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ئاراستەیەکى دروستدا هەنگاو دەنێ."
هاوکات ستایشى هەرێمى کوردستانى کرد  لە رۆڵى بەرچاوى لە بوارى مرۆیى و سەربازیدا.
لای خۆیەوە (فەلاح مستەفا) و پێزانینى گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ گەل و حکوومەتى بەریتانیا دووپات کردەوە، کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بە هەموو شێوەیەک پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان دەکات. هاوکات ویستى حکوومەتى هەرێم و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خستەڕوو بۆ فراوانکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا لە هەموو بوارێک.
(مستەفا) هیواىشی خواست، دامەزراوە و کۆمپانیا بەریتانیاییەکان بە شێوەیەکى فراوانتر بوونیان هەبێت لە هەرێمى کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار