٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوباد تاڵەبانی و كەریم شنگالی، پۆستەکەی پارتی لە هەڵەبجە یەکلا دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  پێشنیازێك هەیە كە لەبری پێدای پۆستی قایمقامی هەڵەبجە بە پارتیی دیموكراتی كوردستان، پۆستێكی دیكەی پارتی لە پارێزگای سلێمانی بدرێتە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

(بەختیار سدیق) کە كارگێڕی لقی ١٢ـی پارتیی دیموكراتی كوردستانە لە هەڵەبجە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەكانی رابردووی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، بە هیچ شێوەیەك باس لە پۆستەكانی دهۆك و هەولێر نەكراوە، بەڵام گەییشتبووینە ئەوەی كە بگەڕێینەوە بۆ سەركردایەتیی هەردوولامان لە سلێمانی، چونكە لە سلێمانی پارتیی دیموكراتی كوردستان ١٣ پۆستی بەركەوتووە، بۆئەوەی لەو پۆستانە پۆستێك بدرێت بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبری پێدانی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە بە پارتی، بۆیە دەگەڕێینەوە بۆ سەركردایەتیی هەردوولامان لە سلێمانی".

(سدیق) گوتیشی، سەرەڕای ئەوەیش بڕیارە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتیی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ئەو بابەتەوە سەردانی هەر یەكە لە (قوباد تاڵەبانی) و (كەریم شنگالی) بكەن، ئەمەیش بۆ گفتوگۆكردن و یەكلاكردنەوەیەتی، چونكە ئەمانە پێشتر لیژنەیەكی باڵا بوون لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە.

دەشڵێت: "ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەكات كە پارتی رازی بووە بەوەی پۆستێكی دیكە لە هەولێر یاخود دهۆك بدرێت بە یەكێتی، ئەمە بە هیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەكاندا باسی نەكراوە و تەنیا قسەیە، بەڵام باسمان لە پۆستەكانی هەڵەبجە و سلێمانی كرد، چونكە ئەوان باسیان لەوە كردووە كە لەبری هەڵەبجە، پارتی پۆستی لە سلێمانی وەرگرتووە، بۆیە پێویستە لەوێ گۆڕانكاری بكرێت".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار