دەڵێن کە پارە هەبوو، جووتیارانی هەرێمیش وەریدەگرن

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بەدواداچوونیان بۆ پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی كردووە و، هەر یەكە لە وەزیرانی دارایی و بازرگانییش بەڵێنیان داوە، كە هەر كاتێك پارەی پێویست لە بەردەست بێت، ڕەوانەی دەكەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر پارە بۆ جووتیارانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خەرج كرابوو، بەڵام بە بڕیاری نووسینگەی سەرۆكوەزیران درابوو بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق، بۆیە من جارێكی دیكە بەدواداچوونم بۆ ئەو پرسە كردووە و سەردانی هەردوو وەزارەتی دارایی و بازرگانیم كردووە، ئەوانیش بەڵێنیان داوە كە هەر كاتێك پارە لە بەردەست بێت، رەوانەی دەكەن، چونكە ئێستا كۆتایی ساڵە و پارە لە بەردەست نییە، بەڵام وەزارەتی دارایی باسی لەوە كرد كە هەوڵی جیددی دەدەن بۆ دابینكردنی ئەو بڕەپارەیە".
(نەجیب) گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ ئەوەی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و، داوایشم لە وەزارەتی دارایی كردووە هەركاتێك پارەی جووتیاران خەرج بكرێت، ئێمە ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەین و وەكو جاری پێشوو نەدرێتە پارێزگاكانی دیكەی عێراق".
پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٤، بڕی ١٤٨ ملیار دینارە و، بۆئەم ساڵیش ٩٨٦ ملیار دینارە كە تاوەكو ئێستا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە خەرج نەكراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پارێزگاكانی دیكەی عێراق پارەی ٢٠١٥ـیشیان وەرگرتووە.
بڵند ئیبراهیم




