٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

لۆید ئۆستن: ئەمەریكا قەرزاری قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەیە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ل سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا، ڕایگه‌یاند، ئەمەریكا قەرزاری قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. هەروەها هێمای بە ئۆپه‌ڕاسیۆنی ڕزگاركردنی بارمتەكان دا لە حەوێجە و ئەوەی خستەڕوو كە ئەو ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەی سوپای ئەمەریكا و هێزە تایبەتەكانی پێشمەرگە دەرخەری ئاستی بەرزی هەماهەنگی و متمانەی نێوان هێزەكانی هەردوو لایە.

ڕۆژی پێنجشەممە 29ـی 10ـی 2015 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا  فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ئاماژەی بە هەنگاوە سەركەوتووەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا كە كاریگەریی زۆری لەسەر پێشكەوتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە گشت بەرەكاندا هەبووە و ستاییشی قوربانیدانی پێشمەرگەی كرد و ڕایگەیاند كە ئەمەریكا قەرزاری قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەیە لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا. هەروەها هێمای بە ئۆپه‌ڕاسیۆنی ڕزگاركردنی بارمتەكان دا لە حەوێجە و ئەوەی خستەڕوو كە ئەو ئۆپه‌ڕاسیۆنە هاوبەشەی سوپای ئەمەریكا و هێزە تایبەتەكانی پێشمەرگە دەرخەری ئاستی بەرزی هەماهەنگی و متمانەی نێوان هێزەكانی هەردوو لایە و دەستخۆشیشی لە فەرماندەكانی ئەو ئۆپڕاسیۆنە سەركەوتووە كرد و جەختی لەوە كردەوە ئاسۆیەكی زۆر ڕوون بۆ ئاییندە و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە ئارادایە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) باسی لەو دەستكەوت و سەركەوتنانە كرد كە لە دژی تیرۆریستانی داعش بەدەست هاتوون و ئەوەی دووپات كردەوە كە بە قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان كە تەواوكاری یەكترن سەركەوتنەكان تۆمار كراون.

(سەرۆك بارزانی) باسی لە ئۆپڕاسیۆنەكەی حەوێجەیش كرد و ئاماژەی بەوەدا ئەو ئۆپڕاسیۆنە وەرچەرخانێك بوو لە شەڕی دژی داعش و لووتكەی متمانە و هەماهەنگیی سەركەوتووانەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا بوو كە بووە هۆی ڕزگاركردنی ژیانی حەفتا كەس لە دەستی داعش و زەبرێكی كاریگەریش بوو لە شكۆی داعش.

هەر لەم دیدارەدا باس لە دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و، بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە ئەنبار و بێجی و شوێنەكانی تر تاوتوو كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و (كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومەت و فەریق (شێروان عەبدولرەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئامادە بوون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار