ئهمهریكا: له پاراستن و یارمهتیدانی ههرێم بهردهوام دهبین.. پشتگیریی پڕچهككردنی پێشمهرگه دهكهین

ههولێر-KDP.info- له دیداریاندا لهگهڵ سهرۆكی ههرێمی كودستان، شاندی هاوبهشی كۆماریخوازانی ههردوو ئهنجوومهنی پیران و نوێنهرانی ئهمهریكا، پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە و پڕچەككردنی ڕاگەیاند و، ئەوهیان خستەڕوو كە، بەردەوام دەبن بۆ هەوڵەكانیان بۆ یارمەتیدان و پاراستنی هەرێمی كوردستان.
ڕۆژی چوارشەممە 14ـی 10ـی 2015 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كۆماریخوازانی هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوون لە سێناتۆر میچ مەككۆنێڵ سەرۆكی زۆرینەی كۆماریخوازانی ئەنجوومەنی پیران و سێناتۆر تۆم كوتون و سێناتۆر مایك ڕۆندز و سێناتۆر جۆنی ئیرنست و ئاندی بار ئەندامی كۆماریخوازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیوس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق و ڕاوێژكاری كۆنگریسی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی بڕوابەخۆبوون و قارەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد و سەرسامیی خۆیشیان بە سەقامگیری و پێشكەوتنی گەلی كوردستان نیشاندا و ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هەموو جیهان بە بایەخەوە سەیری پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات. شاندی كۆماریخوازی كۆنگریسی ئەمەریكی پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە و پڕچەككردنی ڕاگەیاند و ئەوهیان خستەڕوو كە، بەردەوام دەبن بۆ هەوڵەكانیان بۆ یارمەتیدان و پاراستنی هەرێمی كوردستان. هەر لەم دیدارەدا ئەندامانی شاندی میوان داوایان كرد كە گوێبیستی ڕاوبۆچوونی (سەرۆك بارزانی) بن لەبارەی شەڕی تیرۆریستان و دواپەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكان و، بارودۆخی ناوچەكە و سووریا و، هەروەها كێشە و گرفتەكانی هەرێم و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و، سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد، كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوونە و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای بە نموونەیی وەسف كرد؛ هاوكات خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا كە هەماهەنگییەكە بە شێوەیەك بووە كە هەتا ئێستا خەڵكی سڤیل بۆ یەكجاریش نەكراونەتە ئامانج و، ئەوە خۆی لەخۆیدا سەركەوتن و دەستكەوتە بۆ سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە.
(سەرۆك بارزانی) جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئەولەویەتی سەرەكیی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە پاراستنی پێكهاتەكان و شەڕی داعش و لەناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریستانە.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی گرفتی ئابووری و تێچوونە مرۆڤی و ماددییەكانی شەڕی داعش و، هاتنی سەدانهەزار ئاوارە و بڕینی بودجەی هەرێم و دابەزینی نرخی نەوتی كرد، كە بە یەكەوە كێشەی گەورەیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و قەیرانی ئابووری قووڵتر كردووە.
لەبارەی بارودۆخی ناوەخۆی هەرێمیش (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان و، هەروەها شەڕی دژی داعش دەبێ ئەولەوییەتی هەموو لایەكی هەرێمی كوردستان بێت و، دواجار قەیرانی سیاسیی هەرێمیش چارەسەر دەبێت و، كاریگەری لەسەر سەقامگیریی هەرێم نابێت.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و (د. ڕۆژ نووری شاوێس) جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم ئامادە بوون.




