٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا: هاتووم گوێ لە سەرنج و تێبینییەکانی سەرۆک بارزانی بگرم.. قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-   له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، (نه‌وفل ئه‌لعه‌ركوب) پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێ، زۆر مەبەستی بووە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات تا وێڕای جەختکردنەوە لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گوێ لە سەرنج و تێبینییەکانی (سەرۆک بارزانی) بگرێت. ڕایشیگەیاند، کە ئه‌وان قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ن و هیچ كاتێك ئازایەتیی پێشمەرگە له‌ یاد ناكرێت.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ـی 10ـی 2015، (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ پارێزگاری نوێ و سه‌رۆك و شاندێکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد. له‌ دیداره‌كه‌دا کە (کەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و (دکتۆر فوئاد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم ئامادەی بوون، سەرەتا (نه‌وفل ئه‌لعه‌ركوب) پارێزگاری نوێی نەینەوا سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و ڕایگەیاند، زۆر مەبەستی بووە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات تا وێڕای جەختکردنەوە لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، گوێ لە سەرنج و تێبینییەکانی (سەرۆک بارزانی) بگرێت.

شاندی میوان جارێکی دیکە به‌ ناوی خۆیان و دانیشتووانی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێزانینی خۆیان ئاراستەی (سه‌رۆك بارزانی) و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ گیانفیدایی و ئازایەتییان لە وەدەرنانی تیرۆریستان. هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان ئاراستەی خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان كرد كه‌ به‌ خوێنی خۆیان شكستیان به‌ داعش هێناوه‌ و ڕایانگەیاند، کە ئه‌وان قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ن و هیچ كاتێك ئازایەتیی پێشمەرگە له‌ یاد ناكرێت. سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرد بۆ له‌باوه‌ش گرتن و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان و جەختیان کردەوە کە تا هەتایە خۆیان بە قەرزداری حکوومەت و خەڵکی کوردستان دەزان و، هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێ پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا‌ تێك بدات.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا، (نه‌وفل ئه‌لعه‌ركوب) پارێزگاری نوێ و (بەشار کیکی) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پوخته‌یه‌كیان له‌ کێشە و ئاستەنگەکانی نێوان ئیدارەی نەینەوا و بەغدا و ڕەوشی دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و کێشەی ئاوارەکان، پێشكه‌ش به‌ (سه‌رۆك بارزانی) كرد و داوایان له‌ (سه‌رۆك بارزانی) كرد، له‌ پاڵپشتیكردنی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌رده‌وام بێت.

لە بەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێی نەینەوا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. (سەرۆک بارزانی) كورته‌یه‌كی له‌ باره‌ی سەرەتای پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش باس كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە، پێویستە هەموو لایەنەکان تواناکانیان یەک بخەن و ڕێگە نەدەن مەرامی تیرۆریستان بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە بێتەدی و دەبێ دەرکردنی تیرۆریستان ئەولەویەتی هەمووان بێت.

(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند كه‌ هەرێم وێڕای ئەو بارگرانی و قەیرانە ئابوورییەی کە هەیە، بەڵام به‌پێی توانا پاڵپشتیی لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ده‌كات. له‌باره‌ی ژیان و گوزه‌رانی ئاواره‌كانیش، (سه‌رۆك بارزانی) گوتی: چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی بریتییە لە‌ ڕزگارکردنی ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بۆ‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها جەختیشی کردەوە کە دوای وه‌ده‌رنانی داعش ده‌بێ زیاتر بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان بەهێز بکرێنەوە و نابێ رێگە بدرێت شه‌ڕی داعش ببێته‌ هۆكارێك بۆ دروستكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی.

هەواڵی پەیوەندیدار