نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما: ئهمهریكا له پشتتانه.. سەرۆكی هەرێمی كوردستان: ههر لایهك ئەولەویەتی لەناوبردنی داعش نهبێت ههڵه دهكات

هەولێر-KDP.info- له دیداریدا لهگهڵ سهرۆكی ههرێمی كوردستان، نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بیروبۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و سووریا و شەڕی تیرۆر، هەروەها گورزە سەربازییەكانی ڕووسیا بۆ (سەرۆك بارزانی) شیی كردنەوە، نیگەرانیی خۆیشی لە مەترسیی قووڵتربوونی گرفتەكان و دەستپێكردنی شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان نیشان دا. (سهرۆك بارزانی)یش دووپاتی كردهوه، بوونی هەماهەنگیی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمان و لە شەڕی تیرۆریستاندا، دەستكەوتی زۆر باشی دەبێت و ئەوەیشی ڕاگەیاند، پێویستە ئەولەویەتی هەموو لایەك بە پلەی یەكەم، لێدان و لەناوبردنی داعش بێت ئەگینا تووشی هەڵەی گەورە دەبن.
ئێمڕۆ هەینی، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (جۆن ئالێن) نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (ماتیاس میتمان) كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند، كە هەر جارێك كە سەردانی كوردستان دەكات هەست بە قوربانیدان و دەستكەوتەكان و پێشڤەچوونی گەلی كوردستان دەكات و، سەرەخۆشییشی لە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە؛ هەروەها پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە كرد بەبۆنەی ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕ مسوگەریان كردووە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بیروبۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و سووریا و شەڕی تیرۆر، هەروەها گورزە سەربازییەكانی ڕووسیا بۆ (سەرۆك بارزانی) شیی كردنەوە و، نیگەرانیی خۆیشی لە مەترسیی قووڵتربوونی گرفتەكان و دەستپێكردنی شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان نیشان دا.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما)ی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا كە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە لە ئاستێكی زۆر باش دایە و ئەنجامی باشی لێ دەكەوێتەوە. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش (سەرۆك بارزانی) بە شاندی میوانی ڕاگەیاند، لەدەستدانی قارەمانان كە بۆ پاراستنی وڵاتیان گیانیان فیدا دەكەن، خەسارتێكی گەورەیە. ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی بەرزەوە بەرگری لە كوردستان دەكات.
پەیوەست بە گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە و دەستتێوەردانی سەربازیی ڕووسیا، (سەرۆك بارزانی) دووپاتی كردەوە، بوونی هەماهەنگیی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمان و لە شەڕی تیرۆریستاندا، دەستكەوتی زۆر باشی دەبێت و ئەوەیشی ڕاگەیاند، پێویستە ئەولەویەتی هەموو لایەك بە پلەی یەكەم، لێدان و لەناوبردنی داعش بێت ئەگینا تووشی هەڵەی گەورە دەبن.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە تاوتوو كرا؛ شاندی میوانیش ئەوەی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند، كە ئەمەریكا لە هەموو بارودۆخێكدا هاوكار و هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانە و، لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەیش بەردەوام دەبێت.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم، (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە، (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، (ئەنوەر حاجی عوسمان) جێگری وەزیری پێشمەرگە، (جەعفەر شێخ مستەفا) و (فەریق شێروان عەبدولرەحمان) و (فەریق جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.




