٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: هەموو ماڵێكی كوردستان، ماڵ و كەسوكار و نزیكی باوكی شه‌هید ئالانن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ سێشەممە، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (عەبدوڵلا كوردی) باوكی شەهید (ئالان كوردی) كرد.

لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە باوكی شەهید (ئالان كوردی) ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو كارەساتە دڵتەزێنەی كە بەسەر خانەوادەكەیدا هاتووە، كە كارەساتێك بووە بۆ هەموو كوردێك و هەموو خانەوادەی كوردستانیان؛ ئەوەیشی خستەڕوو كە، ڕووداوەی دڵتەزێنی شەهیدبوونی (ئالان) و خانەوادەكەی، هێمای مەزلوومیەتی گەلی كوردستان بووە لە سەردەمی ئێستادا.
(سەرۆك بارزانی) هیوای خواست، خودای مەزن سەبر و ئارامی بە باوكی شەهید (ئالان) ببەخشێت و پێی ڕاگەیاند، كە هەموو ماڵێكی كوردستان ماڵ و كەسوكار و نزیكی ئەون.

لە بەرانبەردا باوكی شەهید (ئالان) سوپاسی هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) و خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنیان و، دواتریش (سەرۆك بارزانی)ی لە ژیان و گوزەران و كێشەكانی خۆی ئاگادار كردەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار