"لەو کۆچە بەکۆمەڵەی گەنجاندا، کەس ئەوەندەی گۆڕان و كۆمەڵ تاوانبار نییە"

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دوورونزیك كۆچی گەنجان هیچ پەیوەندییەكی بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە نییە، پیشی هەموو كەسێك ڕاگەیاندنی گۆڕان بە دەرەجە یەك و كۆمەڵ بە دەرەجە دوو، ئینجایش هەندێك كەناڵی سێبەر تاوانبارن لەمەڕ پرسی كۆچی گەنجان.
(مەردان خدر) سەرۆكی لیژنەی وەرزش ولاوان لەپەرلەمانی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوورونزیك كۆچی گەنجان هیچ پەیوەندییەكی بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە نییە، چونكە ئەگەر سەیر بكەین ماوەی چەندین دەهەیە كۆچكردن هەر هەبووە و ئەم دیاردەیە هەر هی باشووری كورستانیش نییە."
سەرۆكی لیژنەی وەرزش ولاوان ئاشكراشی كرد كە: "پیشی هەموو كەسێك ڕاگەیاندنی گۆڕان بە دەرەجە یەك و كۆمەڵ بە دەرەجە دوو تاوانبارن لەمەڕ پرسی كۆچی گەنجان و، هەندێك كەناڵی سێبەریش ڕۆڵێكی زۆر نەرێنییان لەمەڕ پرسی كۆچی گەنجان بینیوە، كار لەسەر ئەوە دەكەن هەستی نەتەوایەتیی گەلی كورد بۆ ئاستێكی نزم دابەزێنن و، قەیرانەكان بكەن بە فاكتەر و گەورەی بكەن بۆ ئەوەی بە مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان بگەن."
ڕوونیشی كردەوە كە: "هەندێك ئەندام پەرلەمانیش هەن دەیانەوێت خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك و چەندین لێدوان و هۆكاری سەیر بەكار دێنن بۆ بەلاڕێدابردنی گەنج، دەیانەوێت هۆشی گەنج لەسەر كەموكووڕی و گەندەڵییەكانی ئەو ناوچانە لابەرن و پەردەپۆشی بكەن، كە پێشان ناوی زۆنی سەوز بوو ئێستایش یەكێتی و گۆڕان لەو ناوچەیە لەدەسەڵاتدان."
سەرباز واحید




