لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ رفاندنی تاوانبارێك لە چەمچەماڵ دەكات

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی هێزێكی سەر بە یەكەی حەفتا لە چەمچەماڵ تاوانبارێكیان لە زیندان رفاندووە، وەكو لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ لەو بارەیەوە دەستیان بە بەدواداچوون كردووە.
(نازم كەبیر هەركی) جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە سەعات 2ـی پاشنیوەڕۆ هێزێك كە سەر بە یەكەی 70ـن، چوونەتە بنكەی پۆلیسی چەمچەماڵ و تاوانبارێكیان رفاندووە بێ ئەوەی یاسا و حكوومەت لە بەرچاو بگرن، بۆیە لە لیژنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستاندا بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە دەكەین تاوەكو دەگەینە ئەنجام".
(هەركی) گوتیشی: "ساڵێك پێش ئێستا دوو كەس كە خەڵكی دووز بوون، لە "چیمەن" بە بڕەپارەیەكی زۆرەوە كوژراون كە 100 دەفتەر بووە، بۆ ئەو مەبەستەیش زیاتر لە چەند كەسێك لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر كرابوون و دوو لەو كەسانەیش بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەم تاوانبارەی كە دوێنێیش لەلایەن ئەو هێزەوە رفێنراوە، یەكێك بووە لەو كەسەی لە كەیسەكەدا تاوانبارە".
نەشوان بەرزنجی




