فەرهاد سەنگاوی: ئەی ڕەقیب هێندە گرینگە، ڕازی نابین لا ببرێت.. ئەڤین عومەر: سروودەكە لە خولەكانی پێشوویشدا لێ دراوە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوە كرد لە هیچ خولێكی گرێدانی پەرلەماندا سروودی ئەی رەقیب لێ نەدراوە و تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا نەبێت، لە بەرانبەردا پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە سەردەمی (جەوهەر نامیق)ـەوە سروودی نیشتیمانیی ئەی رەقیب لێ دەدرێت و سەرۆكی پەرلەمان ناتوانێ وەتەنیات بە خەڵكی بفرۆشێت و بڵێت داهێنانی كردووە.
ئەی ڕەقیب مارشە پیرۆزەكەی گەلە 50 ملیۆنییەكەی كوردە، كەچی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەنگاوی یەكەمدا تەنیا بە مووزیك هێشتی ئەو مارشە لێ بدرێ و، لە هەنگاوی دووەمیشدا مەترسیی وەلانانی لێ دەكرێ. پاش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك لەم ماڵپەڕەدا، سەرۆكی پەرلەمان لە لێدوانێكیدا دەڵێ، تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا سروودەكە لێ دەدرێ، بەڵام هەرچی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان (ئەڤین عومەر)ـە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان جەخت دەكاتەوە: "سروودی نیشتیمانیی ئەی رەقیب لە سەردەمی سەرۆكی كۆچكردووی پێشووی پەرلەمان (جەوهەر نامیق)ـەوە لێ دەدرێت لە هەموو بۆنەكاندا لە پەرلەمانی كوردستان و، ئەمە شتێكی تازە نییە كە سەرۆكی پەرلەمان دایهێنابێت، بۆیە ناتوانێت وەتەنیات بە خەڵكی بفرۆشێت و بە هیی خۆی بزانێت".
(ئەڤین عومەر) گوتیشی: "ئەو كاتەی ئێمە پەرلەمانتار بووین لە هۆڵە كۆنەكە بووین و كێشەی دەنگدان هەبوو، بۆیە هەموو جارێك لێ نەدەدەرا و لە كۆتایی خولی ئێمە هۆڵە نوێیەكە تەواو بوو، كە چەند كۆبوونەوەیەكی كەممان لێ ئەنجام دا، بەڵام ئێستا هیچ كێشەیەك نییە و پێویستە بە بەردەوامی لێ بدرێت،چونكە لە هەموو وڵاتانی دنیادا گرینگییەكی زۆر بە سروودی نیشتیمانی و ئاڵا دەدرێت".
سروودی ئەی ڕەقیب مارشی نەتەوەییی كورد و كوردستانیانە و 50 ملیۆن كورد ئەم سروودە بە مارشی خۆی دەزانێ و بە سەدان هەزار پێشمەرگە و خەڵك لە بەرەی جەنگ لە ژێر جۆش و خرۆشی ئەم سروودە سنگیان داوەتە بەر گوللەی دوژمن و بوونەتە قەڵغانی پاراستنی هەرێم، كەچی لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی پەرلەمان (یووسف محەممەد) لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ دڵڕازیكردنی لایەنێكی ئیسلامی، بڕیاری دا تەنیا مووزیكی ئەو سروودە لێ بدرێ كە ئەمە دەستبردنە بۆ مافی خەڵك و زەوتكردنی مارشی گەلی كوردە كە لە دەستەڵاتی پەرلەماندا نییە، چونكە گەل ئەم سروودەی هەڵبژاردووە و مەترسیی ئەوەیش هەیە كە لە قۆناخێكی دیكەدا سەرۆكی پەرلەمان بە جارێك ئەو مارشە پیرۆزەی گەل وەلا بنێ؛ كەچی ئیسلامییەكانی هەرێم لە كاتی بەشدارییان لە كۆنگرەی ئاكپارتی لە توركیادا لەبەر مارشێكی بیانی هەڵستانەوە.
پێشتریش سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان (فەرحان جەوهەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە خولەكانی پێشووی پەرلەمان وەكو عورفێك بەردەوام سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب لە پەرلەمان لێ دەدرا، بەڵام ئەمە چەند جارێكە لە پەرلەمان لێ نادرێت، ئەمەیش بۆ ڕازیكردنی هەندێك پەرلەمانتاری ئیسلامییە، نەك بۆ پێكهاتەكان".
چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی (تامان شاكر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندبوو كە: "سروودی ئەی ڕەقیب لە كابینەكانی پێشوویشدا دوژمنی گەلێك زۆری هەبوو، بە تایبەتی ئەو تاریكپەرستانەی كە پێیان وایە سروودی ئەی ڕەقیب بێئیمانیی تێدایە"؛ دەشڵێت، "بە ڕای من ئەمڕۆ خەڵكانێك ئیسلامی سیاسی یاخود باكگراوەندی ئیسلامی سیاسی پێیان وایە ئەم سروودە تەمسیلی هەموو خەڵكی كوردستان ناكات، ئەمەیش وەها نییە، چونكە ئەوان شەڕیان بۆ كەمە نەتەوایەتییەكان دەكرد و، ئەمڕۆیش لە چارەكردنی كێشەكاندا ڕێگەیان پێ نادرێت بەشدار بن كە ئەمەیش دووفاقییەكی تێدایە."
(فەرهاد سەنگاوی) پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سروودە نیشتمانییەكەی ئەی ڕەقیب، یەكێكە لە شاكارەكانی هونەری كوردی و پێویستە بكرێتە یاسا، هەرچەندە وەختی خۆیشی باسی لێوە كراوە، بەڵام كێشەكانی وڵاتی ئێمە هێندە زۆرن نازانم چۆن باسیان لێوە بكەین."
(فەرهاد سەنگاوی) گوتیشی، ٩٠%ـی خەڵكی كوردستان شانازی بەو سروودەوە دەكەن و پەرلەمانیش هەروەها.
(سەنگاوی) گوتیشی، "ئەو سروودە هێندە گرینگە، ڕازی نابین لا ببرێت".
هەر لەمبارەیەوە (لالۆ ڕەنجدەر) وەهای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "هیچ پارچەیەكی كوردستان، هەقی نییە خۆی بە تەنیا سروودە نیشتمانییەكەی ئەی ڕەقیب دەستكاری بكات، چونكە پێویستە هەموو پارچەكانی كوردستانیش ڕازی بن، ئێستا نزیكەی ٤٠ ــ ٥٠ ملیۆن كورد ئەو سروودە بە سروودی خۆیان دەزانن، بۆیە مافی پەرلەمانی كوردستانیش نییە ئەو سروودە دەستكاری بكات."
سروودی ئەی رەقیب كە لە لایەن شاعیری گەورەی كورد، پارێزەر (یوونس رەئووف) ناسراو بە (دڵدار) لە ساڵی 1940 دانراوە، بووەتە كولتوور و فەرهەنگی میللەتی كورد و جێگەیەكی پیرۆزی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و دڵی جەماوەرەكەیدا هەیە و، سیمبولی خەبات و بەرخۆدانی گەلەكەمانە و ئاوێتەی بیر و ویژدانی هەموو چین و توێژێكی گەلی كوردستانە.
(دڵدار)ـی شاعیر كە دانەری سروودی (ئەی رەقیب)ـە، ناوی تەواوی (یوونس مەلا رەووف مەلا مەحموود سەعید)ـە و لە 20/2/1918 لە شاری كۆیە لە دایك بووە و لە 12/7/1947ـدا كۆچی دوایی كردووە.
بڵند ئیبراهیم




