٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: دەركەوت كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێم، سیاسییە و یاسایی نییە.. پارتی داوای وردەكاری دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە پێشنیازی چوار لایەنەکەوە دەر‌كەوت كە،‌ دروستە سەرۆك لەلا‌یەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، دروستە كە لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، دروستە كەوا سەرۆك بە دەسەڵات بێت و بێدەسەڵات بێت. دەشڵێت، پێشنیازی چوار لایەنەكە‌ رەنگە وردەكاریی تێدا بێت و، پارتییش ئەمڕۆ مافی خۆیەتی داوا بكات ئاگاداری وردەكاریی ئەو پێشنیازانە بێت.

ئەمرۆ پێنجشەممە، هەشتەم کۆبوونەوەی پێنقۆڵیی نێوان(پارتی، یەکیتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ) لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوە دەچێت. پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی، ڕاستەوخۆ و لە لایەن خەڵکەوە یان لە نێو پەرلەمان دەخەنە بەر باسەوە.

پێوەست بەم پرسە (دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای زیاتر لە سێ مانگ ئەم مشتومڕەی لەسەر هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەیە و كوردستان بە قۆناخێكی زۆر ناهەمواردا تێدەپەڕێت، بە بێ ئەوەی كە هیچ هۆكارێكی راستەقینە هەبێت و ببێتە هۆكاری ئەوەی كە ئەم وەزعە دروست ببێت، دەتوانم بڵێم، ئەوە شتێكی دروستكراوە و بە پشتبەستن بەو دەرئەنجامەی كە ئێستا لایەنەكان پێی گەییشتوون یان ئەو پێشنیازەی كە بە ناوی چوار لایەنەوە پێشكەش كراوە، لەم پێشنیازانەدا دەردەكەوێت كە بەلای هەر چوار لایەنەوە دروستە سەرۆك لەلا‌یانەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، دروستە كە لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، دروستە كەوا سەرۆك بەدەسەڵات بێت، دورستە كە سەرۆك بێدەسەڵات بێت، ئینجا ئەو جیاكردنەوەیە و خستەنەبەردەمی پارتی بۆ ئەوەی پارتی بە تەنیا لە كوردستان بڕیار بدات، ئایا سەرۆك لەناو خەڵك بێت یان لەناو خەڵك نەبێت؟ ئایا سەرۆك بەدەسەڵات بێت یان بێدەسەڵات بێت، ئەوەیش بۆخۆی دەلیلی ئەوەیە كە ئێمە لە سەرەتایشەوە دەمانگوت بۆشاییەكی یاسایی نییە كەوا یاسای بۆ پێشكەش بكرێت، دەریش كەوت كە ئەوە كێشەیەكی یاسایی نییە و سیاسییە و بۆ دەسكەوتی حزبی و ورووژاندنی هەست و شعووری شەقامە".
پێوەست بەو مشتومڕەی كە زیاتر لە سێ مانگە لایەنەكان دەیكەن و ئا ئێستایش كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەیە كە كێ زەرەرمەندی یەكەمە، (شەهاب) گوتی: "تەنیا خەڵكی كوردستان تێیدا زەرەرمەند دەبێت، كاسبكار و كرێكار و جووتیار و سەرمایەدار و هەموو ئەو خەڵكانە زەرەر دەكەن لە پێناوی پێشنیازێك بۆ هەمواركردنی یاسایەك كە لە كۆتاییشدا دەركەوت كە هیچ زەروورەتێكی ئەم هەموواركردنە وجوودی نییە، بەڵگەی‌ش لەسەر ئەوەی كە هەر چوار پێشنیاز رەوان، راستە كراونەتە دوو پاكێج، بەڵام لە دەرئەنجامدا هەر تێڕوانینێكی ورد بۆ خوێندنەوەی ئەم پێشنیازانە، دەری دەخات كە هیچ رێگرییەك نییە كە سەرۆك لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، هیچ رێگریەكیش نییە كە سەرۆك بەدەسەڵات بێت یان بێدەسەڵات بێت، هێشتنەوەی ئەم ئیختیارەیش بە هەموو هەڵبژاردەكانییەوە بۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان كە لە دەرئەنجام پارتی بڕیار بدات كامە سیستەمە، بریار بدات شێوازی دەسەڵاتی سەرۆك چۆن بێت، لە حاڵەتێكدا ئێمە ئەو بیركردنەوەیەمان پێ دروست نییە، چونكە نابێ بە تەنیا حزبێك یان چەند حزبێكیش بڕیاری لێ بدەن".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دەشڵێت، لە دەرئەنجامی كۆتاییدا دەركەوت كەوا ئامانجی ئەم مەسەلەیە، تەنیا ئامانجێكی سیاسی و دەسكەوتی حزبی و ورووژاندنی شەقامە، بە هەندێك گوتاری نادروستی وەها كە هیچ بنەمایەكی نەبووە لەسەر ئەو بنەمایەی كە گوایە سیستەمی حكومڕانی پەرلەمانی نییە، یان سەرۆك دەسەڵاتێكی لەڕادەبەدەری هەیە، ئەوەیش هیچ ئەساسێكی نییە بە بەڵگەی ئەوەی ئەو دوو پاكێجەی كە ئەو لایەنانە پێشكەشیان كردووە".
سەبارەت بە دانیشتی پێنجقۆڵییش، (دڵشاد شەهاب) ئاماژەی دا: "ئەو پێشنیازانە رەنگە وردەكارییان هەبن و پارتییش مافی خۆیەتی ئەمڕۆ داوا بكات ئاگاداری وردەكاریی ئەو پێشنیازانە بێت، چونكە دەڵێن سەرۆك لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، بەڵام دەسەڵا‌تەكانی تەشریفاتی بێت، مەبەستی تەشریفاتی‌ ڕوونكردنەوەی زیاتری دەوێت، یاخود سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام دەسەڵاتە ئەساسییەكانی بمێنێت، شێوای مامەڵەكردن و شێواز و نەوعی ئەو دەسەڵاتانە، ئەوەیش بە بڕوای من وردەكاریی زیاتری دەوێت و، ئەمڕۆیش حەقە پارتی داوای ئەو وردەكاریانە لەلایەنەكان بكات، ئەگەریش بەشی ئەوە روونیی تێدا بوو كەوا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بڕوام وایە كە گفتوگۆ بكرێت، ئەگینا رەنگە پارتی پێشنیازەكان دیراسە بكات، ئینجا وەڵامی خۆی لەسەر ئەو پێشنیازانە ئامادە بكات".
 

هەواڵی پەیوەندیدار