ئاری هەرسین: ئەگەر پارتی مووچە و قەیرانەكانی كردووە بە كارتی گوشار، بۆ وەزیرانی لایەنەکان ڕاستەوخۆ بە خەڵک ناڵێن خەتای پارتییە؟

هەولێر-KDP.info- (ئاری هەرسین) دەڵێ، ئەگەر یەكێك تۆزێك مەعریفەی سیاسیی هەبێت، زۆر باش دەزانێت كیشەی دواكەوتنی مووچە و قەیرانی دارایی، زۆر لە پێش كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە یەخەی گرتووین، ئەو پەرلەمانتارانەیش كە تۆمەت بۆ پارتی هەڵدەبەستن، قسەكانیان لە موزایەدە زیاتر هیچی دیكە نییە.
چەند رۆژێكە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان لە مێدیاكانەوە دەڵێن: "بابەتی دواكەوتنی مووچە لەلایەن پارتییەوە پەیوەست كراوە بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە، تا ئەو پرسەیش یەكلا نەبێتەوە، نە مووچە و نە قەیرانی داراییش چارە نابن، پارتی دەیەوێت مووچە وەك كارتێكی گوشار بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی چوار لایەنەكە سازش بكەن".
پێوەست بەم گوتانە، (ئاری هەرسین) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر یەكێك تۆزێك چاودێریی دۆخەكەی كردبێ و مەعریفەی سیاسیی هەبێت، زۆرباش دەزانێت كیشەی دواكەوتنی مووچە و قەیرانی دارایی زۆر لە پێش كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە یەخەی گرتووین. پارتی وەكو گەورەترین حزبی كوردستان لە پێش هەموو حزبەكان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ لە بەرانبەر كێشەكان و بار و گوزەرانی خەڵك، بۆیە هەرگیز پارتی بیر لەوە ناكاتەوە مووچە وەكو كارتی گوشار بەكار بێنێت، چونكە ئەمە دورە لە مۆڕاڵی سیاسیی پارتییەوە."
(هەرسین) ڕوونیشی كردەوە كە "لە كاتی كێبڕكێی سیاسیدا لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا موزایەدات دەكرێ، ئەو كەسانەی ئەم قسانە دەكەن تەنیا بۆ ئەوەیانە خۆڵ بكەنە چاوی خەڵكەوە و فریویان بدەن، ئەو پەرلەمانتارانەی كە تۆمەتی وەهایش بۆ پارتی هەڵدەبەستن، قسەكانیان لە موزایەدە زیاتر هیچی دیكە نییە. "
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد ئاماژەیشی دا: "ئەگەر پارتی مووچە و قەیرانەكانی كردووە بە كارتی گوشار، ئەی بۆ (رێباز محمەد) وەزیری دارایی كە كلیلی قاسەی ئەم وڵاتەی بەدەستە، نایەت بڵێ خەتای پارتییە و وەكو گوشار بە كاری دێنێت؟ ئەی بۆ (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت نایەت بڵێ ئەمە خەتای پارتییە؟ ئەی بۆ وەزیرەكەی یەكگرتوو نایەت بڵێ ئەوە من وەزیرم و ئەم دۆخە خەتای پارتییە؟ ئەی وەزیرەكەی كۆمەڵ بۆ راستەوخۆ نایەت بڵێ خەتای پارتییە؟، بۆیە دەڵێم تەنیا موزایەدەیە و بۆ خۆڵكردنەچاوی خەڵكە، بەڵام خەڵك زۆر لەمە هۆشیارترە كە ئەوان بیری لێ دەكەنەوە."
سەرباز واحد




