ئاسۆ عەلی: "با سەرجەم حزبەكان، لەبەر سازان، داواكانیان كەم بكەنەوە"

ههولێر-KDP.info- (ئاسۆ عەلی) ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی و هەڵسووڕاوی دەستلەكاركێشاوەی گۆڕان دەڵێ، پێویستە سەرجەم حزبەكان داواكانیان كەم بكەنەوە بۆ ئەوەی سازان دروست بێت؛ با حزب ئامانج نەبێت، بەرژەوەندیی گەل ئامانج بێت؛ حزب وەسیلەیەكە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵك، نەك هەموو بەرژەوەندییەكی كۆمەڵگا بكرێت بە قوربانی بەرژەوەندیی حزب.
(ئاسۆ عەلی) كە ئێستا كەسایەتییەكی سیاسیی سەربەخۆیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر لێک نزیك ببنەوە و لێدوانە دژ بەیەكەكانیان رابگرن بۆ ئەوەی ئەم سازانە بێتە ئاراوە و، شتێكی وا نەخوڵقێت كە حزبە سیاسییەكان لە یەكتر دوور بكەونەوە و دوژمنانی كورد سوود لەم رەوشە وەربگرن."
ئەو هەڵسووڕاوی دەستلەكاركێشاوەیهی حزبی گۆڕان گوتیشی: "ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ هەمانە پێش حزبەكان دەستكەوتی گەلی كوردستانە و، گەل بە قوربانیدان ئەم دەستكەوتانەی بە دەست هێناوە. بەڵام وا خەریكە حزبەكان بە هۆی كێشەی نێوانیان و نەسازانیانەوە ئەم دەستكەوتانەی گەل لەبار دەبەن، بۆیە پێویستە حزبەكان تەبا و هەماهەنگ بن، هەموو حزبەكانیش هەمان قسە دەكەن، بەڵام هەمووی بۆ حزبی بەرانبەریەتی و، كەس بۆ خۆی نییە و، هیچ لایەنێك لە خۆیەوە دەست پێناكات و، بڵی با هەنگاوی ئەرێنی و قوربانیدان لە منەوە بێت، كە ئەمەش گرفتی بەرەوپێشچونی ڕەوشەكە و پرۆسەی سیاسییە، دەرفەت دروست دەكات كە خاوەن بڕیاری سیاسی خۆمان نەبین و لەملاوئەولاوە دەست لە كاروبارەكەمانەوە وەربدرێت و، دۆخەكەمان بۆ چارەسەر نەكرێت."
(ئاسۆ عەلی) ڕوونیشی كردەوە كە "هەموو ئەو لایەنانەی لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم ناكۆكن و ناسازێن، جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە سیستەمەكە دیموكراسی بێت، دیموكراسییش كۆمەڵێ پایەی دیاریكراوی هەیە، ئەگەر ئەو پایانە نەبێت دیموكراسی بە دی نایەت. بۆیە ناكرێت ئامادە نەبی گوێ لە رای خەڵك بگریت و باس لە دیموكراسی بكەی، ئەمەش كێشە سەرەكییەكەیە."
ئەم كەسایەتییە سیاسیە سەربەخۆیە ڕایشیگەیاند كە: "پێویستە سەرجەم حزبەكان داواكانیان كەم بكەنەوە بۆ ئەوەی سازان دروست بێت؛ نابێ حزب ئامانج بێت و، بەرژەوەندیی گەل بنرێتە لاوە، خۆ حزب وەسیلەیەكە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵك نەك ئەوەی هەموو بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگا بكرێت بە قوربانی بەرژەوەندیی حزب.''
سەرباز واحید




