ئاساییشی كه‌ركووك تیرۆریستێكی داعش و، 43 گومانلێكراویان ده‌ستگیر كرد
__2015_09_16_h17m8s38__LB.jpg)
كه‌ركووك -KDP.info- به‌ڕێوبه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاساییشی كه‌ركووك ڕایده‌گه‌یێنێت ئاساییشی كه‌ركووك به هاوبه‌شی له‌گه‌ل پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كان ژماره‌یه‌ك داواكراویان ده‌ستگیر كرد، گوتیشی تیرۆریستێكی داعش‌یش به ناسنامه‌ی داعشه‌وه ده‌ستگیر كراوه له‌گه‌ڵ دوو تاوانباری دی كه ماڵە مه‌سیحییەکیان بڕیبوو.
نه‌قیب (فه‌رهاد حه‌مه‌عه‌لی) بەڕێوبه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاساییشی كه‌ركووك به ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی ڕایگەیاند: "ئەم به‌رەبه‌یانە هێزه‌كانی ئێمە و، هێزه‌كانی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركووك پێکەوە چووینە ناوەڕاستی شاروچكه‌ی (داقوق) و، توانیمان (43) گومان‌لێكراو ده‌ستگیر بكه‌ین و، (9) پارچه چه‌كی بێمۆڵه‌ت و (3) ئوتومبیلی بێژمارەیشمان پێوە گرتن."
نه‌قیب (فه‌رهاد) گوتیشی: "دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و به دواداچوونی ورد، هێزه‌كانمان چوونە شارۆچكه‌ی (داقووق) و، تیرۆریست (ك.ج.م)یان ده‌ستگیر کرد و، ڕەوانەی دادگایان کرد؛ پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له شارۆچكه‌ی (خورماتوو) به پێی مادده‌ی (4)ـی ئیرهاب، لەمێژە بە شوێن ئەو تیرۆریستەوە بوون؛ له كاتی ده‌ستگیركردنیشدا ناسنامه‌یه‌كی تیروریستانی (داعش)ـی پێ بوو."
به‌ڕێوەبه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاساییشی كه‌ركووك گوتیشی: "دیارە مه‌سیحییەکی خەڵکی گەڕه‌كی (ئەڵماس)ی شاری كه‌ركووك به ناوی (ج.ا.و) شکاتی هێنابووە بەر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان؛ دەیگوت لە ڕێکەوتی 2015/9/15ـدا بڕی 15ملیون دینار و دەهه‌زار دولار و بڕێ زێڕیان لە ماڵەکەی دزیوە..هێزه‌كانمان دوای به دواداچوونی ورد و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ند سەعاتێک به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌دا، دوێشەو له هه‌ڵمەتیكدا له گه‌ڕه‌كی (واستی) شاری كه‌ركووك به هاوكاری له‌گەڵ هۆبه‌ی نه‌هێشتنی تاوانی (ڕه‌حیماوا) توانییان دوو تاوانبار ده‌ستگیر بكه‌ن؛ (ع.ا.ا)، (توركمان)ـە و، (ق.ا.ش) (عه‌ره‌ب)؛ هەردوو تاوانباره‌کە دانیان به تاوانه‌كەیاندا نا، کە ماڵی کابرای مەسیحییان بڕیوە. هێزه‌كانمان پاره دزراوەکە‌یان ڕاده‌ستی خاوه‌نه‌كه‌ی كرده‌وه."
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئه‌و دوو تاوانباره فه‌رمانبه‌رن له كومپانیای گازی باكوور له شاری كه‌ركووكدا!"
نه‌شوان به‌رزنجی




